مەرجی پێشوەختی پارتی‌و یەكێتی بۆ لایەنە عێراقییەكان ١٧%ی بودجەی هەرێمە

عیراق

27/08/2018‌ 2089 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكانی نێوان لایەنەكان بۆ چۆنییەتی پێكھێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لایەنە كوردییەكان مەرجی پێشوەختەیان هەیە، ئەویش گێڕانەوەی مافە دارایی‌و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانەو بەقسەی پەرلەمانتارێكی پێشووی پارتیش، مەرجی پێشوەختی كورد بۆ لایەنەكان زامنكردنی ١٧%ی بودجەو یەكلاكردنەوەی پرسی نەوتی ھەرێمی كوردستانە.

پێگەی فەرمی پارتی دیموكرات لەمیانی راپۆرتێك بڵاویكردەوە، كە كورد بەھۆی بڕیارە سیاسییەكانی بڕینی موچە و بودجەی خەڵكی كوردستان زۆر تاڵی و ناخۆشی بینی، بەڵام دواجار كار گەیشتە ئەوەی لایەنە عێراقییەكان بۆ ڕازیكردنی كورد ئامادە بن بەھەڵەی خۆیاندا بچنەوە و مافە داراییەكانی خەڵكی كوردستان خەرج بكەن.

 لەو بارەیەوە نەجیبە نەجیب، ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێیوایە، لایەنە شیعەكان بەبێ كورد، بەتایبەتی پارتی‌و یەكێتی، كە خاوەنی ٤٥ كۆرسی پەرلەمانن ناتوانن حكومەتی نوێ دروست بكەن، یەكێك لە خاڵە سەرەكییەكانی پڕۆژەی پارتی و یەكێتی-یش بۆ دانوستان و چوونە نێو پڕۆسەی پێكھێنانی حكومەت چارەكردنی پرسە داراییەكان و جێگیركردنی ١٧%ی پشكی بودجەی ھەرێمی كوردستانە لەبودجەی گشتی عێراق.

ئەو ئەندامەی پێشووی لیژنەی دارایی راشیگەیاند "مەبەست لە كێشە داراییەكان یەكلاكردنەوەی پرسی ھەناردەكردنی نەوتی ھەرێمی كوردستانە بە شێوەی سەربەخۆ، چونكە لە ساڵی ٢٠١٥ بەدواوە ھەرێم ڕاستەوخۆ نەوتی خۆی ھەناردەی دەرەوە دەكات و پێویستە ئەو بابەتە یەكلا بكرێتەوە، بەغدا خۆی ڕازییە بە شێوەی سەربەخۆ ھەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بفرۆشێت، بەڵام چونكە لەڕووی یاساییەوە یەكلانەكراوەتەوە بەھاكەی ھەرزانترە لە بەھای بازاڕ، واتە بەگوێرەی دەستوور یاساییە و بەغدا ددانی پێدا ناوە.

پێگەی فەرمی پارتی ئەوەشی بڵاوكردەوە، زۆرن ئەو خاڵانەی كورد پێداگرە لەسەر جێبەجێكردنیان بۆ بەشداریكردن لە پێكھێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق. وەك نەجیبە نەجیب ئاشكرایكردووە "كورد پێشمەرجی ئەوەی ھەیە بۆ لایەنە عێراقییەكان لەپڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی دابێ (٢٠١٩) ھەم پشكی ١٧% بۆ ھەرێمی كوردستان زامن بكرێت، ھەمیش پرسی نەوت یەكلابكرێتەوە، بە پێی زانیاریی من ھەمە، ھەندێ لایەنی شیعی بە ژمارەیەك مەرجی كورد ڕازی بوونە، بەڵام نازانم بۆ پرسە داراییەكان تا چەند دێنە ژێر باری كورد."

نەجیبە نەجیب ئەوەشی راگەیاند "من خۆم وەك ئەو ئەزموونەی لە بەغدا ھەمە لایەنە عێراقییەكان بە شیعە و سوننەوە ڕازی دەبن بەوەی ١٧%ی بودجە بۆ ھەرێمی كوردستان جێگیر بكرێت، بەڵام لەوە گرنگتر یەكلاكردنەوەی بابەتی نەوتە بە شێوەیەكی فەرمی و یاسایی."

پەیوەست بەھاتنی ساڵی نوێی زایینی و پەیدابوونی ئاستەنگ لەھەمبەر موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان وەك باسی لێوە دەكرێت، لەوانەیە لە نزیك سەری ساڵ بەغدا پابەندی ناردنی ٣١٧ ملیارەكە نەبێت، نەجیبە نەجیب رایگەیاند "جارێ ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ ڕۆژە ناخۆشەكانی سەردەمی بڕینی مووچە و بودجەی ھەرێمی كوردستان، یان دوای پێكھێنانی حكوومەت ڕەوشەكە وەك پێشوو ئاسایی دەبێتەوە لە ناردنی مووچە و بەشە بودجەی ١٧%ی خەڵكی كوردستان، یانیش بە لایەنی كەم وەك خۆی دەمێنێتەوە و ھیچ كاریگەریی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمدا نابێت، لەوەی كەم بكرێتەوە، یانیش كێشەی بۆ دروست بكرێت."

هـ ـ ح