مامۆستایەكی زانكۆ بەپرۆژەیەك وەڵامی مەسعود بارزانی دەداتەوە

کوردستان

27/08/2018‌ 3518 جار خوێندراوه‌ته‌وه

بەكر سدیق، چاودێری سیاسی‌و مامۆستای زانكۆ، لەوەڵامی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات پرۆژەیەكی لەژێر ناوی "لەسێبەری پەیامەكەی بارزانیدا بۆ هەلبژاردنیكی بیگەرد" بڵاوكردەوە.

بەكر سدیق لەپرۆژەكەی دەڵێت: لەم چەند رۆژەی رابردودا بەریز كاك مسعود بارزانی ، پێی لەسەر هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد داگرت . بۆ ئەوەش بژاردەی سەرپەرشتیكردنی نەتەوەیەكگرتوەكان و چاودێرانی تری ناوخۆیی ، بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن خستە بەردەم لایەنەكان . بەلام ئاخۆ خەوشیەكانی پرۆسەكانی هەڵبژاردنەكان لە كوردستاندا بە چاودێرانی نەتەوەیەكگرتوەكان و چاودێرانی ریكخراوەكانی كۆمەلگای مەدەنیدا كورد دەكرێتەوە ؟

هەروەها دەشڵێت: لەراستیدا ، پرۆسەی هەڵبژاردنەكان ، مەحكومە بەو سیستمە یاساییەی كە دەستەی كۆمیسیارانی كرمیسیۆن و بەرپرسی پارێزگاكانی كۆمیسیۆنی بالای هەڵبژاردنەكانی ، بەحیزبیكردوە . كێشەی سەپێچی و ساختەكاری لە هەڵبژاردنەكان و خەوشداری هەرپرۆسەیەكی هەڵبژاردنەكان ، پەیوەستە بە سێ هۆكاری سەرەكی كە ، بریتین لە  :

یەك :سیستمی یاسایی كۆمیسیۆن ، بە جۆرێكە ، بواری گەورە بۆ ساختەكاری و سە رپێچی دەرەخسێنێ . بۆ ئەمەش دابەشبونی كوردستان بۆ دوناوچە نفوزی حیزبی ، تەنانەت ناعەدالەتی لە نێوان یەكێتی و پارتیشدا لە ساختەكاریدا دەرەخسێنێ .

دوو :كۆمیسیۆنی بالای هەڵبژاردنەكان ، سەرپەرسشتیكردن و بەرێوەبردن و وەرگرتنی سكالاو گازندەكانیش لە دەسەلاتی ئەو كەسانەدایە كە حیزبەكان دایان ناون لە كۆمیسیۆن . لەو رووەشەوە نوێنەرانی پارتی لە كۆمیسیۆن ، پشكی سەرەكیان لە بریاری ناو كۆمیسیۆن بەدەستە .
3-دەسەلاتی دادوەری ، لە سەرپەرشتیكردن و بەرێوەبردنی هەڵبژاردنەكاندا هەم غائیبە و هەم لە كوردستانیشدا دەسەلاتی دادوەریی ئەوەندە سەربەخۆنیە كە لێی راببینرێ ، ئەم ئەركەی پێبسپێردرێ و حیزبە بالادەستەكان ، بواری بێ لایەنبون و ممارەسەی ئەركەكانی پێبدەن .

لەبەر رۆشنایی ئەم خالانەی سەرەوەو بە پشت بەستن بە دەستپێشخەریەكەی كاك مەسعود ، ئەگەر بمانەوێ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو ، پاك و بێگەردبن ئەوا ئەم پرۆژە كورتە دەخەمە بەردیدی خودی بەرێز كاك مەسعود بارزانی و پەرلەمانی كوردستان و دەسەلاتی دادوەریی و كۆی هێزو لایەنە سیاسیەكان و پسپۆرانی بواری یاسایی بەهیوای دەولەمەندكردن و تەبەنیكردنی :

پرۆژەی هەڵبژاردنی پاك و بیگەرد
هەموو پرۆسەیەكی هەڵبژاردن بە شەش قوناغی سەرەكیدا دەروات . هەر قوناغێك لە قۆناغەكان ، ئەگەر بە پاك و بێگەردی و دور لە هەرەشەو ساختەكاری و سەرپێچیكردن نەروا بەرێوە ، ئەو ئەو هەڵبژاردنە گوزارشت لە ئیرادەی دەنگدەر ناكات و ناشتوانری سەقامگیری ئێستاو داهاتوی كۆمەڵگا فەراهەم بكرێ.

بۆ ئەوەی هەر قۆناغێك لە قۆناغەكانی هەڵبژاردنەكان ، بە پاكی و دور لە سەرپێچی و ساختەكاری بەریوە بچێت پێویستە بریار لە سەر ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بدرێ .

یەكەم : قۆناغی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران : پێویستە سێ مانگی كۆتای هەرسالێك ، تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە بەم جۆرە :
 1-دام ودەزگای باری كەسێتی و شارەوانی و پاریزگا پێی هەلبستن لە رێگەی لیژنەیەك بەم جۆرە :

سەرۆكی لیژنە دادوەرێكی كارگێری ، جیگری سەرۆكی لیژنە پارێزگاری هەر پارێزگایەك بێت .بە ئەندامێتی لێپرسراوی دائرەی نفوس و شارەوانی و قائمقامی هەرقەزایەك .
2-لیژنە پابەند بكرێت بە پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە دو مانگی یەكەمی هەرساڵیكدا .
3-بۆ ماوەی 10 رۆژ تۆماری سەرەتایی پاككراوە هەلبواسرێت لە بەردەمی بنكەكانی دەنگداندا .
4- هەركەسێك كە ناوی تۆمار نەكراوە یان كەسێك تۆماركراوەو تەمەنی یان خەلكی كوردستان و عیراق نیە یان زانراوە ناوی دوبارە هەیە یان ناوی مردوو لە لیستەكەدا هەیە . بۆی هەیە  گازندە بكات لە ماوەی یەك هەفتەدا لە بەردەمی ئەو لیژنەیە .
5- لیژنە پابەند بكرێت بە وەلامی گازندەكان لە ماوەی 3 رۆژدا .
6-بریاری لیژنە قابیلی تانە لیدان بیت لە بەردەمی دادگای كارگێری یان دادگای تایبەت بۆ ئەو بوارە بە دائمی دابمەزرێ .ئەو دادگایەش پابەند بكرێ كە لە ماوەی 3 رۆژدا وەلامی تانەكان بداتەوە 
7- لە بەردەمی ئەنجومەنی شورا یان دادگایەكی ئیستیئناف تانە لە بریاری دادگای ناو براوی پێشو بدرێ ، لە ماوەی 7 رۆژدا و دادگای ناوبراویش پابەند بكرێ لە ماوەی 3 رۆژدا وەلامی تانەكان بداتەوە .
8-دوای هەموو ئەم رێكارانە ئنجا لیستی كۆتایی دەنگدەران لە بنكەكانی دەنگداندا هەڵبواسرێن .

دوەم : قۆناغی پەسند كردنی لیستی پالێوراوان :لیژنەیەكی دادوەری پێك بێت بەسەرپەرشتی دادوەرێكی مەحكەمەی تەمیزو ئەندامێتی دادوەرێكی كارگێرێو دوو راوێژكار كە بروانامەی دكتۆرایان لە بوری یاسای جنائی یان كارگێری یان دەستوری یان دارایی هەبێ ، لەگەل ئەندامێك كە نوێنەرایەتی دەستەی نەزاهەبكات .ئەم قۆناغەش بەم جۆرە بەرێوە ببرێ:
1-حیزبەكان و پالێوراوانی سەربەخۆ لەو ماوەیەی كە بۆ پێشكەشكردنی لیستی پالێوراوان دیاری دەكرێت ، لیستەكەیان پێشكەش بكەن .
2- بریاری رەفزكردنی هەرپاڵێوراوێك ، ماوەی 7 رۆژ دیاری بكرێت بۆ گازندەكردن لە بەردەمی ئەو لیژنەیەی سەرەوەدا . لیژنەكەش پابەند بكرێت بە وەلامدانەوەی گازندەكان لەماوەی 3رۆژدا 
3- بریاری ئەولیژنەیە قابیلی تانە لیّدان بێت لە بەردەمی دادگای كارگێری یان ئەو دادگایەی بۆ ئەومەبەستە تەرخاندەكرێت بە شیوەی كاتی لە ماوەی 7رۆژداو دادگاش پابەند بكرێت كە لەماوەی 3 رۆژدا وەلامی تانەكان بداتەوە .
4- بریارەكانی ئەو دادگایە یان حوكمەكانی قابیلی تانە لێدان بێت لە بەردەمی ئەو دادگا ئیستیئنافەی لە سەرەوە باسكرا یان لە بەردەمی ئەنجومەنی شورادا لە ماوەی 7رۆژدا و داگای ناوبراویش پابەند بكرێت كە وەلامی تانەكان بداتەوە لە ماوەی 3 رۆژدا .

سێیەم : قۆناغی هەلمەتی هەڵبژاردن :پێویستە لەم قۆناغەدا ، دوو دادگای پسپۆر سەرپەرشتی هەلمەتی هەڵبژاردن بكات كە بریتین لە دادگایەكی كارگێری و دادگایەكی جینائی و ئەركەكانیشیان بریتین لە :
1-هەموو تاوان و سەر پێچی و هەرەشەو پێشێلكردنی یاساكانی هەڵبژاردن ، لەرێی داواكاری گشتی كە لە  دادگای جینائی دادەمەزرێ ، لە بەردەمی ئەودادگایە بجولێنرێ بەپێی ئەو دەقەیاساییانەی لە یاساكانی هەڵبژاردنەكان و یاسای سزادانی عیراقیدا دەقیان گرتوە .
2-دادگای كارگێری هەموو ئەو بریارە ئیداریانە هەڵبوەشێنێنەوە كە بە پێچەوانەی مەشروعیەت دەدرێن و لەرێی داواكاری گشتی ئیداری و دارایی كە لە ناومەحكەمە كارگێریەكەدا ئەندامن بجولێنرێن .
3-هەرحوكمێك كە لەو دوو دادگایە دەردەچن كاریگەریەكانی لەسەر هەڵبژاردنەكان هەرچیەك بن ، دەبێ هێزی بەرزەفتەی ئیداری و دادوەری حالەتەكە وەك خۆی لێبكاتەوە بۆ ئەوەی حیزبی بالادەست توانای ئەوەی نەبێ ئیرادەی دەنگدەر ، بەلارێدا ببات .

چوارەم : قۆناغی دەنگدان و لێك جیاكردنەوەی دەنگەكان  : وەك لە مادەی هەشتەمی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەماندا هاتوە پێویستە : 
1-بنكەكانی دەنگدان دادورێك سەرپەرشتی بكات و داواكاری گشتیش ئەندام بێت تێیدا . 
2-دادگای جینائی یان سزادان ، لە هەر پارێزگایەك پسپۆربێت بە وەرگرتن و یەكلاكردنەوەی ئەو تاوانانەی لە م قۆناغەدا روو دەدەن و هیچ تەنەصولێك لە جولانی كەیسەكانی تاونەكانی دەنگداندا نەكرێت .
3-دادگای سزادان پابەندبێت بە پەیرەوكردنی ئەو دەقە یاساییانەی لە یاساكانی هەڵبژاردنەكان و یاسای سزادان ، كە جۆری تاوان و سزاكانیشیان دیاریكراوە .
4-هەر تاوانێك سەلمێنراو دەركەوت كاریگەری لە سەر ئیرادەی دەنگدەر داناوە لە قازانجی لیستێك یان پاڵێوراویكی دیاریكراو . دەبێ دادگا ئەو دەنگانە كەنسل بكاتەوە و هەژماری نەكات بۆ ئەو لایەنەی دەنگەكانی بۆ چوە ،یان دەنگدانەكە دوبارە بكرێتەوە .
5-پرۆسەی لێكجیاكردنەوەی دەنگەكان ، لەژێرچاودێری ئەو دەستەدادوەریەو داواكاری گشتیەدابێت كە جێگەی كۆمسیۆنی بالای هەڵبژاردنەكان دەگرێتەوە .
6-پاش لێكجیاكردنەوەی دەنگەكان ، سندوقەكانی دەنگدان بخرێنە ژێر دەسەلاتی لیژنەیەك بەسەرۆكایەتی ئەو داواكاری گشتیەی لە دەستەی بالای دادوەرانی كۆمیسۆنی بالای هەڵبژاردنەكاندا كاردەكات و بە ئەندامێتی نوێنەری لیستەكانی بەشداربوی هەڵبژاردنەكاندا بێت و .
7-ئەو لیژنەیەی لە خالی 6 دا باسكرا هێزێكی لە بەر دەستدا بێت كە بە تە زكیەی لایەنە بەشداربوەكان و پالێوراوانی هەڵبژاردنەكان دروستدەكرێت .
8- دادگای كارگێری بۆی هەبێ سزای تەئدیبی بەسەر ئەو فەلارمانبەرانەدا بسەپێنێ كە خروقات و پێشیلكاریان لە قۆناغەكانی هەڵبژاردن و بە تایبەت ، لە هەلمەتی هەڵبژاردن و رۆژی دەنگداندا ئەنجام داوە .

پێنجەم : قۆناغی راگەیاندنی دەنگەكان : ئەم قوناغە دوو بەشە بەشی یەكەم راگەیاندنی ئاكامی سەرەتایی دەنگدان و بەشی دوەم راگەیاندنی یەكجارەكی و كۆتایی ئاكامی دەنگدان .ئەوەی كە زیاتر تاوان و سەرپێچی تیدا دەكری لەم قۆناغەدا بەشی یەكەمە ئەوەش پێویستی بەم هەنگاوانە هەیە :
1-دادگایەكی بالا هەبێ كە پێك بێ لە 9 ئەندام 3 دادور لە مەحمەی تەمیز و 3 دادوەر لە مەجلیسی شوراو 3 دادوەر لە كۆمیسیۆنی بالای سەربە خۆی هەڵبژاردنەكان بیّت .
2-گازندەكان لە پرۆسەی دەنگدان و لە لێك جیاكردنەوەی دەنگەكان و لە راگەیاندنی سەرەتایی ئاكامەكانی دەنگدان بۆ سەرۆكی ئەو ناوەندی دەنگادنە بەرزبكرێنەوە كە دەنگی تێدادراوە .
3-تانە لە بریارەكانی ناوەندەكانی دەنگدان سەبارەت بەخالی 2 ی سەرەوە ، لە بەر دەمی ئەو دادگایە بگیرێت كە پسپۆرە بە راگەیاندنی كۆتایی دەنگدان . و بریارەكانی ئەو دادگایەش سەبارەت بەو تانانە پلەی بنبر(بات)یان هەبێ .

تێبینی :
1-پێویستە كۆمیسیۆنی بالای هەڵبژاردنەكانی ئێستا هەڵبوەشێنرێتەوە لە جێگەی ئەو كۆمیسیۆنە كۆمسیۆنێكی تر كە پێك بێت لە 20ئەندامی دادوەر و بۆ هەر هەڵبژاردنێكیش ، هەر حیزب و قەوارەیەكی بەشدار لەهەڵبژاردنەكاندا بۆی هەبێ بە نوێنەرێك ببێتە ئەندام لە دەستەی بالای كۆمسیۆن تەنها بە سیفەتی چاودێری و مافی موداوەلاتی نەبێ لە دەركردنی بریارەكاندا .
2-ئەم كومسیۆنە دادوریەی بۆ كۆمیسۆنی بالای هەڵبژاردنەكان دادەنرێن پێویستە :
أ-لەلایەن پەرلەمانەوە رەزامەندیان لە سەر وەربگیرێ .
ب-ئەنجومەنی دادوەری پێشنیاریان بكات .
ج-رای حیزبەكان لە دانانی دادوەرانی ئەو كۆمیسۆنەو هەر لیژنەیەكی تری بنكەكانی دەنگدان قابیلی گازاندوەو تانە لێدان بن .
3-بۆ هەرپارێزگایەك لەجێگەی بەرپرسانی ئیستای كۆمیسۆن دادوەرێك لە سەر پێشنیاری ئەنجومەنی دادوەری و بەرەزامەندی لیست و قەوارە بەشداربوەكانی هەڵبژاردنەكان ، دابمەزرێ .
4-هەرهەنگاوێك بە ئاراستەی ریفۆرمی یاسایی لە سیستمی یاسایی هەڵبژاردنەكاندا ، دەبێ سیستمی یاسایی ، دەسەلاتی دادوەری بە جۆرێك هەموارو رێكبخرێتەوە كە كەفیل و زامنی هەموو پایەكانی سەربە خۆبون و قوتاربونی بكات  لە دەسەلات و هەژمونی حیزبە بالادەستەكاندا .