بودجەی 2019ی هەرێم لەسەر تریلیۆنێك دیناری مانگانە دەخەمڵێنرێت

کوردستان

28/08/2018‌ 1326 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە ساڵی  2014 وە هەرێمی كوردستان بەهۆی بڕینی بەشە بودجەكەی لەلایەن بەغداو شەڕی داعش و داشكانی نرخی نەوت هیچ بودجەیەكی ئامادەكراوی نەبووە، ئێستا هەرێمی كوردستان دەیەوێت لەساڵی 2019 ببێتە خاوەنی بودجەی خۆی.

دوایین بەشە بودجەی ساڵانەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا لە ساڵی 2013، زیاتر لە 16 تریلیۆن دینار بوو، بەڵام كوردستان لەبودجەی 2018 ی عێراق بڕەكەی بۆ كەمتر لە 8 تریلیۆن دینار كەمبوووە و ئەویش نەدرا، بۆیە ئەگەر هەرێمی كوردستان پشت بە داهاتی خۆی ببەستێت ئەوە بە كورتهێنانەوە دەبێت بودجەكەی ئامادە بكات و چاوەڕوانی بەشە بودجەشی بكات لەبودجەی 2019ی عێراقدا.

بەپێی زانیارییەكان، كە هەفتەنامەی باس لەژماری ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بڵاویكردووەتەوە، دوای  وەزارەتی دارایی  لیژنەیەكی بۆ ئامادەكردنی بودجەی 2019  پێكهێناوە  و لیژنەكە لەگەڵ وەزارەتەكان لەگفتوگۆدایە و تاوەكو ئێستا بە كردار وەزارەتەكان دەستیان پێكردووە.

زاگرۆس فەتاح، بەرێوەبەری گشتی پرۆژەكان لە وەزارەتی پلاندانان بەهەفتەنامەكەی راگەیاند "بۆ ئەوەی بودجە ئامادە بكرێت دەبێت دوو شت روونبێتەوە، یەكیان ئەوەیە بۆ 2019 چەند پارەمان هەیە، هەروەها بۆ 2019 پێداویستی و خەرجیەكانمان چین، دەبێت وەڵامی ئەو دوو پرسیارەمان دەست بكەوێت".

ئەو روونیكردەوە بۆ زانینی داهات و پارەی وەدەستهاتوو لە ساڵی 2019  دەبێت وەزارەتی سامانە سرووشتیەكان پارەی خەمڵێنراو بخاتە بەردەست بۆ ئەوەش نوسراو بۆ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كراو، راشیگەیاند "لەگەڵ داهاتی نەوت دەبێت داهاتی خاڵە سنوورییەكان و داهاتی ناوخۆش بخەمڵێنرێت، هەمووی كۆبكرێتەوە و پاشان پێداویستی و خەرجییەكانیش كۆبكرێتەوە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە بودجە ئامادە بكرێت".

فەتاح، جەختی كردەوە وەزارەتی دارایی لەگەل پلاندانان لەگفتوگۆددایە و ئاشكراشیكرد، دارایی نووسراوێكی ئاراستەی سامانە سرووشتییەكان كردووە بۆ ئەوەی بزانێت داهات بۆ 2019 چۆن دەبێت.

لە ساڵی 2014 وە هەرێمی كوردستان بودجەی ساڵانەی نەبووە، بەڵكو تەنیا بەیان ماڵی هەبووە و 99%ی بودجەش لەو چەند ساڵە بۆ موچە خەرجكراوە و كورتهێنانیش درووست بووە.

بەرێوەبەری گشتی پرۆژەكان لە وەزارەتی پلاندانان، دووپاتی كردەوە ئەوان زیاتر پەیوەندیان بە بواری بودجەی وەبەرهێنان هەیە، هەروەها رایگەیاند "كاتێك دەتوانین بودجەی وەبەرهێنان ئامادەبكەین، كە وەزارەتی دارایی بڕە پارەی وەبەرهێنانمان بۆ دیاری بكات".

ئاماژەی بەوەشدا لە هەموو حاڵەتێكدا خراپترین شت ئەوەیە بودجە نەبێت، بەڵكو پێیوایە هەبوونی بودجەی ئامادەكراو زۆر گرنگە، رایگەیاند "بەرچاو روونی بۆ خەڵك دروست دەبێت و هەموو پارەش نادرێت بە مووچەن بەڵكو بەشێكیشی دەدرێت بە پڕۆژە خزمەتگوزاریەكان".

بەرپرسەكەی  وەزارەتی پلاندانان ئاشكراشیكرد ، لە پڕۆژەی 2019 دا هەوڵدەدرێت بڕێكی بەرچاو بۆ تەواوكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دابینبكرێت، كە زیاتر لە 3 هەزار  پڕۆژەی تەواونەكراون.

هەروەها مەریوان  بەگۆ بەرێوەبەری گشتی لە  وەزارەتی پەروەردە رایگەیاند، وەزارەتی دارایی  نوسراوی بۆ ناردووین بۆ دیاریكردنی خەرجیەكانی 2019 ،وەزارەتی دارایی لە نوسراوەكەیدا بۆ ئێمەو وەزارەتەكانی تر  داوای كردووە خەرجیەكان و گریبەست و دامەزراندن بۆ سالی 2019  ئامادە بكرێت.

لەلایەكی تر سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی ئەوەی  بە (باس) راگەیاند "وەزارەتی دارایی داوای  لە وەزارەتەكان كردووە دەبێت تا پێش مانگی ئەیلول پلانی بودجەی 2019 بنێردرێتە  وەزارەتی دارایی".

بەپێی زانیارییەكانی وەزارەتی دارایی بێت ئێستا داهاتی مانگانەی 400 ملیار دینارە، مانگانەش 317 ملیار دیناری لەبەغداوە بۆ دێت بۆ موچە بە گشتی داهاتەكە زیاتر لە 700 ملیار دینارە، كە بە پێی بەدواداچوونەكان رەنگە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان مانگانە نزیكی تریلیۆنێك دینار بێت، بۆیە لەسەر تریلیۆنێك دینار خەمڵاندنی بۆ دەكرێت,

مەدینە ئەیوب، ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئاوبوری لەپەرلەمانی كوردستان، بە (باس)ی ڕاگەیاند: لەم خولەی پەرلەماندا پرۆژەیاسای بودجە نەهاتووەتە بەردەستی لیژنەی دارایی تا گفتوگۆی لەبارەوە بكەین، لەبەرئەوەی لە 30ی 9ی ئەمساڵیش هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت‌و كۆتایی بەخولی چوارەم دێت، ئامادەكاری بۆ یاسای بودجەی ساڵی 2019 ناكرێت".

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 7ی ئاب رایگەیاند، كە قۆناغی یەكەمی ئامادەكاری پرۆژەیاسای بودجەی 2019 دەستیپێكردووە و هەوڵدەدەن لە پەرلەمان پەسەند بكرێت.

تەلار لەتیف، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان بە (باس)ی راگەیاند: "دۆخی ئابووری هەرێمی كوردستان تاڕادەیەك ئاسایی بووەتەوە و سەرچاوەی داهاتەكانی هەرێم ئاشكران، كە پشت بە داهاتی ناوخۆ و پارەكەی بەغداد دەبەستێت، بۆیە پێویستە ئەمساڵ بودجە بنێردرێت بۆ پەرلەمان".

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەبێت ساڵانە حكومەت لەمانگی 10 دا، پرۆژەیاسای ساڵی داهاتوو بنێرێت بۆ پەرلەمان، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە لەچوار ساڵی رابردوو، هیچ پرۆژەیەك رەوانەی پەرلەمانی كوردستان نەكرا.

دواجار، كە لەپەرلەمانی كوردستان پرۆژەیاسای بودجەی پەسندكرابێت، لە 15ی 2ی 2013  بوو  كاتێك بە  دەنگی 61 پەرلەمانتار  بودجە 2013ی پەسند كرد.

هاوكات عزەت سابر سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەرلەمانی كوردستان، بە (باس)ی  راگەیاند "بەهۆی زیادبوونی داهاتەكانی، ناردنی ئەو پارەیەی، كە لەبەغداوە رەوانەی هەرێم دەكرێت، حكومەتی هەرێم دەیەوێت بودجەی ساڵی 2019ی لەپەرلەمانەوە پەسەندبكرێت".

لەبارەی لابردنی پاشەكەوتی موچەی فەرمانبەرانەوە، سەرۆكی لیژنەی دارایی باسی لەوەكرد، تا بودجە نەیەتە پەرلەمانەوە نازانن، كە ئایا پاشەكەوتی موچە دەمێنێت یاخود وەكو ئێستای دەمێنێتەوە.

داواشی لەحكومەت‌و وەزارەتی دارایی كرد ، لەنێو بودجەكەدا دوای چوارساڵ لەراگرتنی جارێكی دیكە ئەگەربێت‌و لەرێگەی بانكە ئەهلییەكانیشەوە بێت ، قەرزەكانی خانووبەرەو قەرزی بچوك و پێشینەی هاوسەرگیری لەنێو بودجەی ساڵی 2019دا دابنرێت، چونكە رێژەیەكی زۆر لەهاووڵاتیان سودمەند دەبن و كاریان دەست دەكەوێت، هەروەها بەشێكیش بۆ دامەزراندن تەرخان بكات.

هـ ـ ح

بەپەلە