هەوڵی سەربەخۆیی كوردی گەیاند بەرازی بوون بەكردنەوەی "پرد"ێك

عیراق

31/08/2018‌ 3811 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
هەردوو حكومەتی‌ بەغداو هەولێر 315 رۆژیان پێویست بوو بۆ ئەوەی‌ رێگای‌ نێوان كەركوك‌و هەولێر بكەنەوە، ئەو رێگایەی‌ بەهۆی‌ تەقاندنەوەی‌ پردێكەوە هەردوولای‌ لەیەك دابڕی‌.

رۆژی‌ 16ی‌ ئۆكتۆبەر ساڵی‌ رابردوو هێزی‌ پێشمەرگە بۆ ئەوەی‌ رێ‌ لەپێشڕەوی‌ هێزە عێراقییەكان بگرن بەئاڕاستەی‌ هەولێر، لەشارۆچكەی‌ پردێ‌ (ئەڵتون كۆپری‌) -باكوری‌ كەركوك- سەنگەرەكانیان قایمكرد‌و لەچوارچێوەی‌ پلانی‌ بەرگریدا پردی‌ سەر شەقامی‌ سەرەكی‌ هەولێرو كەركوك تەقێندرایەوە.

تەقاندنەوەی‌ ئەم پردە بەتەواوی‌ رێگای‌ نێوان هەولێرو كەركوكی‌ بڕی‌‌و هاتوچۆ لەنێوان ئەم دوو پارێزگایەدا سەغڵەتییەكی‌ زۆری‌ بۆ دروستبوو، چونكە هەر كەسێك لەهەولێر بۆ كەركوك یان بەپێچەوانەوە هاتوچۆی‌ بكردایە دەبوو بەڕێگاكانی‌ كۆیە یان دبسدا بڕۆیشتایە كە رێگای‌ چەند خولەكێكیان كردبوو بەچەند سەعاتێك.

دواجار لەچەند رۆژی‌ پێش جەژنی‌ قوربان هەردوو لایەن رێككەوتن لەسەر ئەوەی‌ رۆژی‌ 19ی‌ ئاب پردێكی‌ ئاسنین لەشوێنی‌ پردە رووخاوەكە بكەنەوە، تا ئەوكاتەی‌ بەتەواوی‌ پردەكە چاكدەكرێتەوە، بەپێی‌ قسەی‌ سەرچاوەیەك لەپۆلیسی‌ هاتوچۆی‌ كەركوك، نە لایەنی‌ عێراقی‌‌و نە لایەنی‌ كوردی‌ رازی‌ نەبوون ئەركی‌ تێچوونی‌ پردەكە بگرنە ئەستۆ، دواجار بڕیاریانداوە لەسەر تێچوونی‌ سندوقی‌ قەرزی‌ نێودەوڵەتی‌ بەبڕی‌ 220 ملیۆن دیناری‌ عێراقی‌ چاكبكرێتەوە.

ئەو سەرچاوەی بەرێوەبەرایەتی هاتوچۆی كەركوك وتیشی "دوای كردنەوەی ئەو پردە بڕیارە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی ناوەندو حكومەتی عێراق بری یەك ملیاری دیكە دابین بكەن بۆ چاككردنەوەی تەواوی رێگاكە".

هاوكات عەبدولخالق تەڵعەت بەرێوەبەری گشتی پۆلیسی هەولێر بە"نیقاش"ی وت "لەئێستادا ئەو پردەی دروستكراوەتەوە تەنیا ئۆتۆمبێلی بچوك دەتوانێت پێیدا ‌بڕوات‌و لەماوەیەكی نزیكدا رێگەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگریش دەكرێتەوە".

وتیشی "بەپێی ئەو پلانەی ئێمە بۆ چاككردنەوەی تەواوی پردەكە دیاریمان كردووە نزیكەی شەش مانگی دەوێت، كە ئەركی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتوچۆی كەركوكە ئەو كارە بكات".

ئەو پردە لەساڵی 1984 دروستكراوەو 128 مەتر درێژەو هەشت مەتر پانە، كە بەهۆی تەقاندنەوەیەوە 36 مەتری لەسەر درێژییەكەی روخا.

دیاریكردنی خاڵی پشكنینی نێوان رێگەی كەركوك-هەولێر خاڵێكی دیكەی ناكۆكی نێوان شاندەكەی حكومەتی ناوەندو هەرێم بوو ، كە دواجار رێكەوتن لەیەك شوێندا خاڵی پشكنین دابنێن بە جۆرێك تەنیا سەبی كۆنكریتی جیان دەكاتەوە واتە ئەگەر لە كەركوكەوە سەردانی هەولێر بكەیت لەلایەن پۆلیسی هەرێمی كوردستان پشكنین بۆ ناسنامەی هاوڵاتیان‌و ئۆتۆمبیلەكەی دەكرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ئەگەر لەهەولێرەوە بگەڕێیتەوە بۆ كەركوك ئەوە لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی عێراق پشكنین لەبازگەی پردێ ئەنجام دەدرێت، ئەوەش وەك تەنزێك بەشێك لەهاونیشتمانیان ئەو سەبە كۆنكرێتیەی نێوان هێزە ئەمنیەكانی نێوان حكومەتی ناوەندو هەرێمی كوردستانیان ناو ناوە "دیواری بەرلین".

لیوا شاكر كوین فەرماندەی ئوپەراسیۆنەكانی پۆلیسی فیدراڵی عێراق لەكەركوك‌و ئەندامی شاندنی باڵای حكومەتی ناوەند بۆ چاككردنەوەی رێگاكە لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند : رێككەوتننامەیەك لە نێوان حكومەتی ناوەندو هەرێم ئەنجامدراوه كە جگە لەپۆلیسی فیدراڵی‌و پۆلیسی هەرێم هیچ هێزێكی دیكه بۆی نییە لەبازگە هاوبەشەكەی نێوان كەركوك-هەولێر بوونی هەبێت.

رێگەی هەولێر - كەركوك جگە لەوەی رێگەی سەرەكی هاتووچۆی نێوان هەولێرە لەگەڵ پارێزگاكانی كەركوك‌و سلێمانی، هەروەها رێگەی گرنگی بازرگانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و بەشەكانی دیكەی عێراقە، بۆیە بڕیاردراوە بەدانانی دو‌و خاڵی گومرگی لەسەر رێگەی كەركوك-سلێمانی‌و كەركوك-هەولێر كە بریارە دوایی 28ی ئاب دەست بە كارەكانی بكرێت ئەوەش بە پێی ووتەی پارێزگاری كەركوك بەوەكالەت كە لەرێگەی راگەیانراوی دیوانی پارێزگا لە 19ی ئاب بڵاوی كردەوە.


جەمال مەولود ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە"نیقاش"ی راگەیاند "بەدڵنیاییەوە دوو خاڵی گومرگی دروست دەكرێت، بەڵام وودەكاری ئەو دوو خاڵە گومرگییە ئەنجومەنی پارێزگا لێی ئاگادارنەكراوەتەوە."

جەمال مەولود كە ئەندامی لیژنەی دارایی‌و ئابورییە لە ئەنجومەنی پارێزگا وتیشی "كردنەوەی ئەو رێگەیە دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی كەرتی گەشتوگوزارو هاتوچۆكردنی شتومەكی بازرگانی لەنێوان هەولێرو بەغداد".

هەر بەڕاستی‌ كاریگەری‌ كردنەوەی‌ ئەو رێگایە زۆر زوو دەركەوت، چونكە تەنیا لەیەكەم رۆژی‌ جەژنی‌ قورباندا زیاتر لە 19 هەزار كەس لەرێگای‌ پردێوە روویان لەپارێزگای‌ هەولێر كردووە.

زۆر كەس هەن پێیان وایە كردنەوەی‌ ئەو رێگایە جگە لەدیوە بازرگانی‌‌و گەشتیارییەكەی‌ زۆر كاریگەری‌ دەبێت لەسەر پەیوەندییەكانی‌ بەغداو هەولێر‌و هەردوو حكومەت زیاتر لەیەكتر نزیك دەكاتەوە.

ئیبراهیم فەهمی خوێندكاری ماستەر لەسەر "كاریگەری روداوە سیاسییەكان لەسەر ناسنامەی كەركوك" بە"نیقاش"ی ووت :"هەرێمی كوردستان هەوڵیدا یاخی بێت لەحكومەتی ناوەند، بەڵام بۆی نەچووە سەر، بۆیە رێگەی نێوان هەولێرو بەغدادی تەقاندەوە چاككردنەوەكەی كە هەرێمی كوردستان دەستپێشخەر بوو بە مانای گەڕانەوە بۆ بەغدادو دروستكردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەكان دێت لە نێوان هەردوولا."

ئەوەشی خستەڕوو "چاككردنەوەی ئەو رێگایە خەڵكی كردۆتەوە دوو بەشەوە ئەوانەی كە ئینتمایان بۆ زۆنی زەرد هەیە بە گەراندنەوەی سەرەتایی پارتی دادەنێن بۆ كەركوك بە پێچەوانەوە ئەوانەی ئینتیمایان بۆ زۆنی سەوز هەیە بە شكستی ركابەرەكەیان كە پارتییە دەیزانن، بەڵام دیارنییە تاكو ئێستا كردنەوەی ئەو پردە كامیان دەبێت".

كردنەوەی‌ رێگایە وەك هەموو رووداوەكانی‌ دیكە لەكەركوك‌و هەرێمی‌ كوردستان بووە بابەتی‌ گەرمی‌ رۆژ، خەڵكێك هەبوون بەگرنگییەوە لێیان دەڕوانی‌‌و كەسانێكی‌ تریش وەك شكستی‌ دەسەڵاتی‌ كوردی‌ دەیانخوێندەوەو دەیانوت "بەرپرسانی‌ كورد لەدروستكردنی‌ دەوڵەتی‌ كوردییەوە ئێستا بەكردنەوەی‌ پردێك رازین".

ئارام مەلا عەلی كادیری پارتی‌و خویندكاری كۆلێژی پەروەردە‌ی وەرزشی زانكۆی‌ "قەڵەم" بوو لەكەركوك، بەڵام بەهۆی روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو ئاوارەی پارێزگای هەولێر بوون، ئەو دەڵێت ئومێدمان نەما جارێكی تر بگەرێنەوە بۆ كەركوك بۆیە ماڵەكەمان لەهەولێر جێگیركرد، بەڵام دوای چاككردنەوەی پردی پردێ‌و گەڕانەوەی پۆلیسی هەرێم بۆ ناحیەی پردێ دڵنیاین بەشكۆوە دەگەڕێینەوە بۆ كەركوك.

لە بەرانبەردا كادیرانی یەكێتی لە كەركوك تەنا لە لایەنگرانی ریفراندۆمەكەی 25ی ئەیلول دەدەن‌و دەڵێن كرانەوەی رێگەی كەركوك-هەولێر دابرانی كەركوكە لە هەرێمی كوردستان.

زاهیر شكور جێگری بەرپرسی‌ مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیە لە‌ لاپەرەی خۆی دەنوسێت :" یەكێك لە ئامانجەكانی ریفراندۆم بەكردنەوەی گومرگی پردێ دەستی پێكرد كە بەرەسمی سنوری هەرێمی كوردستان دیاری كراو بۆ هەتا هەتایە كەركوك فرۆشرا."

كوردەكانی‌ دانیشتووی‌ كەركوك هێشتا چاوەڕوانن ئاخۆ كردنەوەی‌ ئەم پردە چی‌ لەژیانی‌ ئەوان دەگۆڕێت، هەیانە پێیان وایە ئیتر كەركوك گرێدەدرێتەوە بەناوەندی‌ دەسەڵاتی‌ كوردی‌ كە هەولێرە، هەشیانە پێیان وایە دانانی‌ ئەو هەموو بازگەیە لەرێگاكە هێمایەكە بۆ ئەوەی‌ جارێكی‌ تر كەركوك نابێتەوەوە بەبەشێك لەكوردستان.