پێشبڕكێی پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن
ئێران شیعەكانی پێ یەكنەخرا بۆیە هەوڵی دابەشكردنیان دەدات

عیراق

01/09/2018‌ 2342 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
بەپێچەوانەی ساڵانی رابردوو، ئێران شكستی هێنا لەیەكخستنی هێزە شیعەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، ئەویش دوای یاخیبوونی چەند حزبێك كە هەژموونی ئێران رەتدەكەنەوە.

هەفتەی رابردوو پڕبوو لە پێشهاتی سیاسی لە عێراق، چونكە ئەو وڵاتەی بەم دواییانە هەڵبژاردنێكی قورسی كۆتایی پێهێنا بەهۆی ساختەكارییەوە، ئەمڕۆ رووبەڕووی تاقیكردنەوەیەكی قورس دەبێتەوە لە پێكهێنانی حكومەتی نوێدا بەهۆی ململانێی نێوان چەند حزبێكی تەقلیدی كە بیر لە دووبارەكردنەوەی سیناریۆی ساڵانی رابردوو دەكەنەوە‌و چەند حزبێكی شۆڕشگێڕی دیكەش كە بڕیاریان داوە سەركێشی بكەن‌و سیاسیەتێكی نوێ بگرنەبەر كە داواكاری عێراقییەكان جێبەجێ بكات لە هێنانەدی یەكێتی نیشتمانی‌و سنوورداركردنی هەژموونی دەرەكی.

ئێران، كە بە دیارترین یاریزانی سەر گۆڕەپانی عێراق دادەنرێت، تائێستا شكستی هێناوە لە یەكخستنی حزبە شیعە براوەكانی هەڵبژاردن كە بریتین لە "نەسر"‌و رەوتی سەدر‌و "دەوڵەتی یاسا"‌و "فەتح"‌و "حیكمە"، فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێرانیش كە هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی دانوستانەكان گەیشتە عێراق، شكستی هێنا لەو ئەركەدا، بەڵام ئەركێكی دیكەی دەستپێكرد.

چوار هاوپەیمانییە شیعە براوەكەی هەڵبژاردن دابەشبوون بۆ دوو گرووپی دژبەیەك، یەكەمیان هەریەك لە "نەسر" (42 كورسی) بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران‌و رەوتی سەدر بەرێبەرایەتی موقتەدا سەدر (54 كورسی)‌و "رەوتی حیكمە" (19 كورسی) بەرێبەرایەتی عەممار حەكیم لەخۆدەگرێت كە رەتكردنەوەی هەژموونی ئێرانیان راگەیاندووە‌و بڕیاریان داوە هاوپەیمانییەكی دەگمەن لەگەڵ ئەیاد عەلاوی سەرۆكی ئیئتیلافی "وەتەنییە" (22 كورسی)‌و چەند هێزێكی بچووكی سوننە پێكبهێنن.

هەرچی گرووپی دووەمیشە ئەوا هاوپەیمانی "دەوڵەتی یاسا" (25 كورسی) بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی‌و "فەتح" (47 كورسی) بە سەرۆكایەتی هادی عامری لەخۆدەگرێت‌و لە ئێرانەوە نزیكە.

هەردوو گرووپەكەش لە كێبڕكێدان بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن لەڕووی ژمارەوە لە پەرلەمانی نوێدا لەپێناو وەرگرتنی ئەركی دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی نوێ‌و پێكهێنانی حكومەت بەپێی دەستووری عێراق، ئەویش بە پێچەوانەی ساڵانی رابردووەوە كە شیعە لە یەك كوتلەی گەورەدا یەكیاندەگرت‌و دانوستانیان لەگەڵ كورد‌و سوننە دەكرد بۆ دابەشكردنی پۆستەكان.

هەفتەی رابردوو "نەسر"‌و رەوتی سەدر‌و "حیكمە"‌و "وەتەنییە"‌و چەند پەرلەمانتارێكی سوننە كۆبوونەوەیەكی مێژووییان لە یەكێك لە هۆتێلەكانی بەغدا ئەنجامدا‌و بڕیاربوو گەورەترین فراكسیۆن رابگەیەندرێت، بەڵام ئێران دەستی وەردا‌و رێی لە بەشداریكردنی چەند حزبێكی دیكەی كورد‌و سوننە لە كۆبوونەكەدا گرت كە ئەوەش بووەهۆی شكستی كۆبوونەوەكە.

بەپرسێكی سیاسی باڵای شیعە كە داوایكرد ناوی نەهێنرێت بە "نیقاش"ی وت: "كۆبوونەكەی هۆتێل بابل سەرەڕای ئەوەی نەیتوانی ئامانجەكەی بەدیبهێنێت، بەڵام بەرەنگاربوونەوەی هەژموونی ئێران بوو، دەبووایە نوێنەرانی چەند حزبێكی كورد‌و سوننە بەشداری كۆبوونەوەكەیان بكردایە، بەڵام چەند كەسایەتییەكی ئێرانی كە سەردانی وڵاتیان كردووە، گوشاریان لێكردن ئەوەش بووە رێگر لە بەشداریكردنیان لە كۆبوونەوەكەدا".

لەوەشدا ئەو بەرپرسە مەبەستی سەردانە جێمشتومڕەكەی جەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی لە سوپای پاسدارانی ئێرانە بۆ عێراق، چەند كەناڵێكی راگەیاندنی ئێرانی‌و عێراقی نزیك لە ئێرانیش دوو رۆژ لەمەوبەر بەمەبەست چەند وێنەیەكی ئەو بەرپرسەیان لە عێراق بڵاوكردەوە.

بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە بەپێی ئەوەی هەندێك كەناڵی راگەیاندنی ناوخۆیی بڵاویان كردووەتەوە، عەبادی سەرۆك وەزیران رێگەی نەداوە ئەو فڕۆكەیە لە عێراق بنیشێتەوە كە سولەیمانی هەڵگرتبوو، بۆیە ناچار بووە لە هەولێر بنیشێتەوە.

دوای ئەوەی عەبادی پابەندبوونی بە سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران راگەیاند، پەیوەندی نێوان عەبادی‌و تاران هەرەسی هێنا، ئیتر عەبادی كەوتە هەڵوێستێكی ناخۆشەوە‌و خواستی بۆ مانەوە لە پۆستەكەیدا قورس بوو، بۆیە بڕیاری دا بچێتە پاڵ سەدر‌و حەكیم‌و لە تەوەری ئێران دووربكەوێتەوە كە "فەتح"‌و "دەوڵەتی یاسا" نوێنەرایەتی دەكەن.

ئێران كۆبوونەوەكەی "هۆتێل بابل"ی شكست پێهێنا نەك تەنیا بەهۆی رێگریكردنی لە چەند حزبێكی كورد‌و سوننە بەشداری تێدا بكەن، بەڵكو توانی هاوپەیمانی "نەسر"یش  دابەش بكات كاتێك فالح فەیاز راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی بەشێوەیەكی نهێنی جیابوونەوەی لە "نەسر" رایگەیاند كە ئەندام بوو تێیدا، ئەویش دوای ئەوەی "دەوڵەتی یاسا"‌و "فەتح" توانییان قەناعەتی پێبهێنن بۆ ئەو كارە لەبەرامبەر كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران.

لەوبارەیەوە سەروە حەلفی پەرلەمانتاری هاوپەیمانی "نەسر" بە "نیقاش"ی وت:"چەند مانگێك بوو هاوپەیمانیەكەمان كراوەتە ئامانج، لەبەرئەوەی ئامانجەكانمان نیشتمانین‌و هەژموونی دەرەكی رەتدەكەینەوە‌و بڕیارمان عێراقییە‌و ناكەوێتە ژێر كاریگەری هیچ بڕیارێكی نێودەوڵەتی، هەینی رابردوو كۆبوونەوەمان ئەنجامدا‌و تەئكیدمان لەسەر یەكگرتوویی هاوپەیمانییەكەمان كردووە هەرچەندە هەندێك لە ئەندامان ئامادەی كۆبوونەوەكە نەبوون".

شەممەی رابردووش ناوەرۆكی رێككەوتنەكەی ئێران لەگەڵ هێزە كوردی‌و سوننەكان بۆ رێگریكردن لەوەی بچنە پاڵ عەبادی‌و سەدر،  ئاشكرابوو، كاتێك ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی "حەشدی شەعبی" سەر بەئێران بڕیارێكی كتوپڕی دەركرد بۆ كشانەوەی هەموو گرووپە شیعەكان لە شارە سوننەكان‌و ئەو شارۆچكانەی كورد‌و عەرەب‌و توركمانیان تێدا دەژی، ئەو داواكارییەش كرۆكی ئەوەیە كە حزبە كوردی‌و سوننەكان دەیخوازن، هەنگاوەكەش كارێكی باشە، بەڵام كاتەكەی جێی  مشتومڕ بوو.

نێوەندە سیاسییەكانیش تووشی شۆك بوون بەو دیدارانەی دژەكانیان پێكەوە كۆكردبووەوە، نوری مالیكی چاوی بە ئوسامە نوجێفی دەكەوێت كە لەماوەی سێ ساڵی رابردوودا یەكتریان تۆمەتبار دەكرد سەبارەت بە كەوتنی موسڵ بەدەستی "داعش"، هەروەها دیداری نوجێفی لەگەڵ هادی عامری سەركردەی هاوپەیمانی "فەتح" كە گرووپەكانی "حەشدی شەعبی" لەخۆدەگرێت بەئامادەبوونی خەمیس خەنجەر سیاسەتمەداری سوننە كە بۆ یەكەمجارە دێتە نێو كاری سیاسیەوە‌و پێشتر لەپشتی پەردەوە كاری دەكرد لەڕێی پشتیوانیكردنی حزبە سوننەكانەوە.

بەڵام عەبادی لەمیانی سەردانێكی كتوپڕدا بۆ بارەگای دەستەی "حەشدی شەعبی" بە ئامادەبوونی هەموو سەركردەی گرووپەكان جگە لە ئەبو مەهدی موهەندیس، بڕیارەكەی هەڵوەشاندەوە‌و دووپاتی كردەوە كە ئەو بڕیارەی موهەندیس داویەتی مەبەستی سیاسییە‌و هەوڵی بەدەستهێنانی دەستكەوت دەدات لە دانوستانەكانی پێكهێنانی حكومەت نەك جێگیركردنەوەی هێزە ئەمنییەكان، تەئكیدیشی كردەوە كە پێویستە "حەشدی شەعبی" خۆی نەخزێنێتە نێو سیاسەت.

بڕیارەكەی عەبادی پاڵی بە هێزە سوننەكانەوە نا چاو بە هاوپەیمانییەكانیاندا بخشێننەوە‌و رایانگەیاند كە تائێستا بەدوای گرووپی گونجاودا دەگەڕێن بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن، ئەویش دوای ئەوەی بینییان بڕیارەكەی ئەبو مەهدی موهەندیس لەسەر زەوی جێبەجێ نەكرا.

ناهیدە داینی پەرلەمانتار لە هاوپەیمانی "میحوەر"ی نیشتمانی (سوننە) بە"نیقاش"ی وت: "تائێستا حزبە سوننەكان بێلایەنن لەنێوان هەردوو گرووپی ركابەری شیعە بۆ پێكهێنانی گەورەترین فراكسیۆن"، دووپاتیشی كردەوە كە دانوستان لەگەڵ هەموو حزبەكان بەردەوامە.

رۆژی 19ی ئەم مانگە دادگای فیدراڵی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی راگەیاند‌و ئەوەش پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی خستە وادە دەستوورییەكانەوە كە ناكرێت پێشێل بكرێن، لەلایەن خۆشیانەوە حزبە عێراقییەكان پێشبڕكێیان لەگەڵ كاتدا دەستپێكرد.

ئێستاش پێویستە سەرۆك كۆمار فوئاد مەعسوم مەرسومێكی كۆماری دەربكات‌و تێیدا داوا لە پەرلەمانی نوێ بكات بە سەرۆكایەتی بەتەمەنترین ئەندام كۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان‌و هەردوو جێگرەكەی.

دوای ئەوەش پێویستە پەرلەمان سەرۆك كۆمارێكی نوێ بە دەنگی زۆرینەی سێ لەسەر دووی ئەندامانی هەڵبژێرێت‌و سەرۆك كۆماری نوێش كاندیدی گەورەترین فراكسیۆن لەرووی ژمارەوە رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی 15 رۆژدا لە بەرواری هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارەوە، ئەگەر سەرۆك وەزیرانیش لە ئەركەكەیدا سەركەوتوو نەبوو، ئەوا سەرۆك كۆمار كاندیدێكی تر رادەسپێرێت بۆ پێكهێنانی حكومەت لەماوەی 15 رۆژدا.