ئێران دیاردەی "حزب اللە"ی لوبنانی لە رووی سیاسی و سەربازییەوە دەگوازێتەوە بۆ عێراق

مەلەفی تایبەت

01/09/2018‌ 1067 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئا. حلمی رەسول رەزا 

ئێران دیاردەی "حزب الله" ی لوبنانی لە رووی سیاسی و سەربازیەوە دەگوازێتەوە بۆ عێراق.. و جەنەراڵ " قاسم سولەیمانی" رۆكێتەكان دەگەیەنێتە دەست هاوپیەمانەكانی بۆ كاتی روبەرو بونەوە، سەربازە ئەمەریكیكانیش دەبن بە بارمتە.. بە وردی چی لە عێراقدا دەگوزەرێ؟ چۆن ئێران هەژمونی پەرە پێدەدات و ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی پاشەكشە دەكەن ؟.

دوێنێ ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"ی جیهانی لە نزیكەی حەوت سەرچاوەی هەواڵی ئێرانی و عێراقی و رۆژئاواییەوە ئاشكرای كرد، تاران رۆكیتە بالیستیەكانی لە جۆری "زلزال" و " فاتح 110" و " زولفقار"، كە لە 200-700 كیلۆمەتر مەودای رۆشتنەكەیەتی، دراوە بەو كۆمەڵە چەكدارانەی ئینتیمایان بۆ ئێران هەیە لە نمونەی "حزب الله"ی عێراقی و "حەشدی شەعبی"، قاسم سلێمانیش سەرپەرشتی ئەم دەوروتەسلیمە دەكات بۆ ئامادەبون بۆ لێدانی ئێران و ئیسرائیل لە حاڵەتی هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران.

ئەم ئاشكرا بوونە هاوكاتە لەگەڵ توندبونەوەی ئالۆزی لە نێوان كوتلە سیاسیەكانی كە زۆرترین بەختیان هەیە بە گوێرەی چاودێران لە عێراق بە سەركردایەتی "نوری المالكی" و "هادی العامری" و نێوان ئەمەریكا، و هەرەشەی " العامری"یش لە نێردەی سەرۆكی ئەمەریكا بەوەی هەر حكومەتێك واشنتن دەستێوەردانی تێدا بكات لە ماوەی دوو مانگدا هەرەسی پێ دەهێنین و بە حكومەتێكی ئەلقە لە گوێی ئەژمار دەكەین.. لەهەمان كاتیش "حیدر العبادی" بڕیاریدا "فالح الفیاز" سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لەكار لاببات و ئەویش چوە كوتلەی " الفتح"ی عامری.

دیارە ئەم هەواڵانەی كە لەلایەن "رۆیتەرز"ەوە ئاشكرا كراوە، ئەمەریكاو ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو دەخاتە دڵەراوكێوە، چونكە ئەمە بە مانای پێكهاتنی باڵێكی سەربازی شیعی بەهێز دێت لە نمونەی "حزب الله"ی لوبنانی و "حوسیەكان" لە یەمەن و "حەماس" لە كەرتی غەزە و توانای دانانی ئەو رۆكێتانە لە رۆژئاواو باشوری عێراق دەتوانرێ ئیسرائیل و سعودیە بپێكێ.

هەرەشەی عامری لە پێكهاتنی حكومەتێك بەسەرپەرشتی " العبادی" و هاتنە سەرخەتی ئەمەریكا لەماوەی ئەم دوو هەفتەیە، مانای ئەوەیە هاوپەیمانەكانی ئێران ئەمەریكاو هاوپەیمانەكانی لەسەر دوو بژرادە رادەگرن، ئەوانیش یان دەبێ حكومەت پێك بهێنرێ لە سەر بنەمای هەڵبژاردنی 12/5، یاخود فەوزای سەربازی و لەوانەشە دەستگرتن بێ بەسەر دەسەڵاتدا لە رێگای بەكارهێنانی هێزی سەربازیەوە، ئەمەش مەترسیدارترین پەرەسەندە لە عێراق لەو كاتەوەی دەسەڵاتی سەدام حوسەین رووخاوە.

خاڵێكی تر كە لە هەمووی مەترسیدارترە بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی " رۆیتەرز"، دووبارە نۆژەنكردنەوەی كارگەكانی رۆكێتەكانی سەردەمی سەدام حوسینە لە ناوچەی "زەعفەرانیە"ی رۆژهەڵاتی بەغداو "جەرەف سەخەر"ی باكوری "كەربەلا" و دامەزراندنی كارگەیەكی تری رۆكێتە لە "كوردستان"، ئەمانەش بە سەرپەرشتی شارەزایانی ئێرانی بەرێوەدەچێت. پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بكەین لە ئێستادا شەش هەزار سەربازی ئەمەریكی لەسەر خاكی عێراقدان، سەرەرای دوو هەزار سەربازی تر كە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی فوراتن لە نزیك سنوری عێراق، ئەمانە دەبنە ئامانجێكی ئاسان بۆ رۆكێتەكان لەكاتی هەڵگێرسانی شەر لەناوچەكەدا.

دەستیوەردانی ئەمەریكا لە عێراق و سوریا بوە مایەی بەرزبونەوەی هەژمونی ئێرانی لە رووی سیاسی و سەربازیەوە و هێزە ئەمەریكیەكان دەكەونە ژێر رەحمەتی بارمتەی ئێران و هاوپەیمانەكانیەوە، ئەوەشی خۆی دووپات دەكاتەوە گێلێتی سیاسەتی ئەمەریكایە لەناوچەكەدا و كورتبینیەتی لە رووی ستراتیجیەوە، ئەمەش لە هەموو دۆخەكاندا شتێكی نوێ نییە.