زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوانUTM .. داشكاندن بۆ خوێندكاران دەكات

کوردستان

05/09/2018‌ 12289 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زانكۆی نێودەوڵەتی قەیوان- UTM لە شاری سلێمانی كرایەوەو لەئێستاوە دەستیكردووە بە وەرگرتنی خوێندكاران بۆ خوێندنی ئەمساڵ (2018-2019).

بەپێی بڕیارێكی سەرۆكی دەستەی ئەمیندارییەتی زانكۆكەش داشكاندنێكی زۆر لەنرخی خوێندنی ئەمساڵدا بۆ خوێندكاران ئەنجامدەدرێت‌.

هەر بەپێی ڕیارەكە داشكاندنەكان ئەو خوێندكارانە دەگرێتەوە، كە ئەمساڵ بۆ خوێندن ناویان لە زانكۆكە تۆماردەكەن، ئەو خوێندكارانەی نمرەكانیان 90-100 دەبێت بە رێژەی 40٪ داشكاندنیان بۆ دەكرێت، ئەو خوێندكرانەشی نمرەكانیان لەنێوان 80 – 90 دەبێت بەرێژەی 30٪ داشكاندنیان بۆ دەكرێت، هەروەها ئەو خوێندكرانەشی، كە نمرەكانیان لە نێوان 70 – 80 دەبێت، بەرێژەی 20٪ داشكاندنیان بۆ دەكرێت، ئەو خوێندكارانەشی نمرەكانیان لە نێوان 60 – 70 دەبێت، بە رێژەی 10٪ داشكاندنیان لە نرخی خوێندنی ئەمساڵ بۆ دەكرێت.

هاوكات بەپێی زانیارییەكانی بەشی تۆماری خوێندكارانی زانكۆی قەیوان یو تی ئێم، بۆ ئەمساڵی خوێندن نزیكەی 400 خوێندكار وەردەگیرێن، بڕیاریشە هاوكات لەگەڵ دەستپێكردنی دەوام لە زانكۆی تەكنەلۆژیای مالیزیا، بەهەمان شێوە لە شاری سلێمانیش دەستبكرێت بە خوێندن، چونكە زانكۆكە بەشێوەی (فرەنچایز) لە هەرێمی كوردستان كراوەتەوە، واتە پڕۆگرام و سیستمی خوێندن و شێوەی بەڕێوەچونی سێمنستەرەكان هاوتەریبی زانكۆی تەكنەلۆژیای مالیزیا دەبێت.

ئەو بەشانەی زانكۆی قەیوان یو تی ئێم كردونیەتەوە، لەسەر خواستی بازاڕ و كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستان كراونەتەوە، واتە دەرچووەكانی ئەم بەشانە، هەلی كاری مسۆگەریان دەبێت لە كەرتی تایبەتی و حكومیدا، بەشەكانیش بەگشتی لەبواری خوێندنی تەكنۆلۆجیا، ئای تی و كۆمپیوتەر و سەرچاوەی مرۆیی و كارگێڕیدایە و تیمێكی پسپۆڕی مالیزی ئیدارەی زانستی و كارگێڕی و بەڕێوەبردنی زانكۆكە دەكەن.

ئەم جۆرە زانكۆیە بۆ یەكەمجارە لەسەرتاسەری عیراق و هەرێمی كوردستان دەكرێتەوەو لە رۆژهەڵاتی ناورەستیش پش زانكۆی ئەمریكی لە بەیروت دەكەوێت و دەبێتە یەكەم زانكۆ كە بەرزترین رانكی هەیە و كەم هاوتایە، جگە لەوەی لەسەر ئاستی جیهانیش لە پلەی 228دایە و ئەم ناوچەیە تائێستا ئەو جۆرە رانكە بەرزەی بەخۆیەوە نەبینیوه".

زانكۆی یو تی ئێم، خاوەنی 37 سەنتەری لێكۆڵنەوەیە و 1406 كەس بڕوانامەی دكتۆرایان تێدا وەرگرتووە و ئێستا لێكۆڵەر و بزنسمان و سیاسەتمەدار و كەسی كاران لە كۆمەڵگاكاندا، هەروەها ئەم زانكۆیە هاوبەشە لەگەڵ زانكۆ بەناوبانگەكانی جیهاندا وەكو (ئێم ئای تی و ئۆكسفۆرد و كامبریج و ئیمپێریاڵ كۆلێج لە لەندەن...هتد).

هەروەها بەگوێرەی زانیاریەكانی بەشی تۆماری خوێندكارانی زانكۆی قەیوان، خوێندن بەزمانی ئینگلیزی دەبێت و سەرەتا هەڵسەنگاندنێك بۆ ئاستی زمانزانینی خوێندكارەكان دەكرێت و پاشان بە خولێكی بەهێزكردندا تێدەپەڕن، بەڵام ئەگەر خوێندكار توانای ئینگلیزییەكەی بەهێزبێت راستەوخۆ دەتوانێت دەست بەخوێندن بكات، بەو پێیەی خوێندن لە زانكۆكە بە ئینگلیزییە و مۆڵەتی رەسمی و یاسایی لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمەوە وەرگرتووە.

ئەم زانكۆیە ئەزموونی سەدەیەك كاركردنی هەیە و یەكەمجاریشە لە هەرێمی كوردستان بە هاوبەشی مالیزیا دەكرێتەوە و چیتر فێرخواز لەو بوارانەدا پێویست ناكات بۆ خوێندن روو لە دەرەوەی هەرێم بكەن، هاوكاتیش رۆڵی گرنگی دەبێت لە وەبەرهێنانی توانای مرۆیی و ئەكادیمی  كورد.

زانكۆی قەیوان یو تی ئێم رۆژی 12/8/2018 لە گەڕەكی راپەڕین لەشاری سلێمانی بەردی بناغەی دانرا و تیایدا فاخیر شێخ تەیب قەیوانی، سەرۆكی دەستەی باوەڕمەندانی زانكۆی قەیوان، لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی زانكۆكەدا رایگەیاند؛ گونجاوترین نرخ بۆ خوێندن پەیڕەو دەكەین تا زۆرتین كەس بتوانن لەم زانكۆیە سودمەندبن.

زانكۆی قەیوان – یو تی ئێم یەكێكە لە پڕۆژە وەبەرهێنانەكانی گروپی كۆمپانیاكانی قەیوان لە بواری پەروەردە و خوێندنی باڵادا، هاوكات گروپی قەیوان خاوەنی ٤ پەیمانگا و 16 خوێندنگا و 4 باخچەی ساوایان و دایەنگەیە.

لێرە كلیك بكەو لەرێگەی پەیجی فەرمی زانكۆكە لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك زانیاری زیاتر وەربگرە..