تویتەكەی ترامپ نرخی چوونە "تەوالێت" لەتوركیا بەرز دەكاتەوە

جیهان

06/09/2018‌ 8714 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی زەمانی توركی راپۆرتێكی لەسەر كاریگەری گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر توركیا بڵاوكردووەتەوەو تێدا باسی لەگرانبوونی نرخی چوونە "تەوالێت"ی لەو وڵاتە كردووە.

رۆژنامەكە لەمیانی راپۆرتەكەدا رایگەیاندووە، تا دێت ئەو تویتەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لەسەر توركیا لەتۆڕی كۆمەلایەتی توریتەر كردی‌و تێدا بڕیاری گەمارۆكانی بۆ سەر ئەنقەرە راگەیاند، كاریگەری لەسەر ئابووری ئەو وڵاتە زیاتر دەبێت.

رۆژنامەكە راشیگەیاندووە، لەو چوارچێوەیەداو بەم دوایانە نرخی چوونە "تەوالێت" لەشوێنە گشتییەكان، لەوانە چێشتخانەو باخچەو پارك‌و شوێنە گەشتیارییەكان گرابوون بووەو رەنگە نرخەكەشی گرانتر بێت.

بەپێی رۆژنامەكە، پێشتر نرخی چوونە تەوالێت لەتوركیا تەنیا یەك لیرە بوو، كە ئێستا نرخەكەی بۆ لیرەو نیوێك بەرزبووەتەوەو ئەگەر هەیە بەم نزیكانەش نرخەكەی بۆ دوو هێندە زیاد بكات، بەتایبەتی ئەگەر گەمارۆكان بەردەوامی هەبێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، چەند مانگێكە پەیوەندییەكانی ئەمریكاو توركیا رووی لەخراپ بوون كردووەو بەو هۆیەشەوە واشنتۆن چەند گەمارۆیەكی خستووەتە سەر ئەنقەرەو بەو هۆیەوە كاریگەری خراپ لەسەر دۆخی ئەو وڵاتە دروست بووەو بەهای لیرەی توركی بەتەواوی شكاوە.

هەروەها ماوەی پێشووش بەهۆی بەردەوامی گەمارۆكان نرخی كارەباو گازی سروشتی‌و سووتەمەنی لەوانە بەنزین بەرێژەیەكی زۆر لەتوركیا بەرزبووەو ئەوەش نیگەرانی‌و ناڕەزایی خەڵكی ئەو وڵاتەی بەدواوە هات.

هـ ـ ح