زیانی ئابووری.. بەهۆی خۆپیشاندانەكانی بەسڕەوە بەندەری ئوم قەسڕ دادەخرێت

عیراق

08/09/2018‌ 522 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دەسەڵاتدارانی عێراق بەندەری ئوم قەسڕیان لە پارێزگای بەسڕە باشووری عێراق داخست بەهۆی ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیانەی، كە پارێزگای بەسڕەی گرتووەتەوە، ئەوەش زیانی زۆری ئابووری دەبێت.

فەرمانبەر لەفەرمانگەی گومركی ئوم قەسڕ، موحسن رازی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ وتی: "دەرگاكانی بەندەری ئوم قەسڕ بە تەواوی بەڕووی هاتن و چوونی بارهەڵگر تاوەكو كاتێكی نادیار داخراوە".

رازی وتیشی: "كردنەوەی بەندەرەكە پەیوەستە بە ئاساییبوونەوەی دۆخی ئەمنی"، كە تائێستا دیارنییە كەی بەندەرەكە دەكرێتەوە.

لای خۆیەوە وتەبێژ بەناوی كۆمپانیای گشتی بەندەرەكان سەر بە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، ئەنمار سافی وتی: "وەزیری گواستنەوە، كازم فینجان پەیامێكی ئاراستەی خۆپیشاندەران لەپارێزگای بەسڕە كردووە و داوای لێكردوون، كە زیان بە فڕۆكەخانە و بەندەركان نەگەیەننن بەو پێیەی دامەزراوەی خزمەتگوزاریین".

ئەنمار سافی وتیشی: "وەزارەتی گواستنەوە لەگەڵ داواكاری رەوای خۆپیشاندەران دایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەدانییە، كە زیان بە دامەزراوە خزمەتگوزارییەكان و باڵەخانەی فەرمانگەكانی حكوومەت بگەیەنرێت بەوپێیەی خزمەتگوزاری گشتی پێشكەش بە گەلی عێراق دەكەن".

چەند رۆژێكە خۆپیشاندان لەشاری بەسرە دەستیپێكردووەتەوەو بەردەوامی هەیە، كە ئەوە زیانی زۆری بەهاتووچۆی بازرگانی ئەو شارە گەیاندووە، لەكاتێكدا ناوچەكە شادەماری ئابووری عێراقە.

هـ ـ ح