شەڕ لە بەردەرگایە.. ترامپ لەسوریا هێرش دەكاتە سەر سوپای روسیا؟

جیهان

13/09/2018‌ 4457 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"شەڕ لە بەردەرگایە" ناونیشانی راپۆرتێكی گۆڤاری "گازیتا رۆ"ی روسییە، كە باس لەئەگەری شەڕ لەسوریا دەكات.

بەپێی راپۆرتەكە ئەمریكا بەردەوامە لەهۆشدارییەكانی بۆ سەر رژێمی سوریا، كە لەلایەن روسیاوە پشتوانی دەكرێت، بۆ ئەوەی هێرش نەكاتە سەر پارێزگای ئیدلیب.

هەر بەپێی راپۆرتەكە هۆشدارییەكانی ئەمریكا بۆ رژێمی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا ترسییەتی لەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی لەو هێرشانە، كە ئەگەر بێت‌و ئەو چەكە بەكاربهێنرێت لەو شەڕانە، واشنتۆن كاردانەوەی دەبێـ.

لەبەرانبەر هۆشدارییەكانی ئەمریكا بۆ سوریا، روسیا بەردەوامە لەپشتوانییەكانی بۆ سوپاكەی ئەسەدو سووریشە لەكۆنتڕۆڵكردنەوەی پارێزگای ئیدلیب، كە دوا پێگەی ئۆپۆزسیۆنەكانی ئەو وڵاتەیە.

ئەگەر بێت‌و شەڕەكە ئەنجامبدرێت‌و چەكی كیمیایی بەكاربهێنرێت، ئەو پرسیارە دێتە پێشەوە، بەوەی ئایا ئەمریكا لە سوریا هێرش دەكاتە سەر سوپای روسیا، كە چەند ساڵێكە ژمارەیەكی زۆر سەربازی لەو وڵاتە جێگریكردووەو چەندین بنكەی سەربازی هەیە.

هـ ـ ح