بەغدا تارانی ئاگاداركردووەتەوە
عێراق لەهێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر كۆیە ناڕازییە

کوردستان

13/09/2018‌ 1258 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عێراق لەهێرشە موشەكییەكەی ئێران بۆ سەر شاری كۆیە لەهەرێمی كوردستان ناڕازییەو لەو بارەشەوە بەغدا تارانی ئاگاداركردووەتەوە.

لەو بارەوە ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئەوان ناڕازین بەو هێرشە موشەكییەی كرایە سەر بارەگای حیزبە كوردییەكان لەشاری كۆیەی سەر بەپارێزگای هەولێر.

ئیبراهیم جەعفەری راشیگەیاند، سەرەڕای ناڕازایی‌و نیگەرانییەكان، حكومەتی عێراق بەفەرمی حكومەتی تارانی ئاگاداركردووەتەوە، كە نابێت هێرشی لەو شێوەیە ئەنجامبدات.

قسەكانی ئیبراهیم جەعفەری لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی بوو، دوای ئەوەی رۆژی شەممەی رابردوو سوپای پاسادارانی ئێران حەوت موشەكی ئاراستەی ناوچەیەكی كۆیە كرد، كە ئەو ناوچەیە بارەگای حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی لێبوو.

وەزیری دەرەوەی عێراق هەروەها رایگەیاند، لەرێگەی باڵوێزی ئێران لەعێراق، حكومەتی تاران ئاگاداكراوەتەوە، كە جەخت لەوە كراوەتەوە، ئەوە دەبێـە هۆی پشێوی لەناوچەكە.

هـ ـ ح