كاندیدی سەرۆك كۆمار.. محەمەد سابیر لەبەرانبەر بەرهەم ساڵح دەكشێتەوە

عیراق

14/09/2018‌ 4568 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد سابیر كاندیدی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی نیشتمانی لەبەرانبەر بەرهەم ساڵح بۆ كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق كشانەوەی راگەیاند.

محەمەد سابیر لەئەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك وێنەیەكی بەرهەم ساڵحی بڵاوكردووەتەوەو لەسەری نووسیوە: "ھیچ گرفتێك نییە من دەكشێمەوە مادام تۆ ئامادەی، مام زۆر شتی لەبارەی تۆوە فەرموە ئازیزمان".

ئەمە لەكاتێكدایە پێشتر محەمەد سابیر سی ڤی خۆی پێشكەش كردبوو، بۆ ئەوەی بكرێتە كاندیدی یەكێتی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق‌و ئەنجوومەنی ناوەندیش بەفەرمی پشتگیری خۆی بۆ راگەیاندبوو.

لەئێستادا هەوڵێكی جددی لەناوخۆی یەكێتی نیشتمانی هەیە، بۆ ئەوەی بەرهەم ساڵح، هەم كاندیدی حیزبەكە، هەم كاندیدی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بێت بۆ سەرۆك كۆماری عێراق.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دراوە بەشارپرێس، پێشنیاری كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح چەند رێگرییەكی لەبەردەمدایەو نەیاری ئەم پێشنیارە هەیە بەتایبەتی لەناوخۆی یەكێتی، ئەوەش بەهۆی ئەوەی، كە ناوبراو ئامادە نییە تائێستا دەستبەرداری هاوپەیمانی ببێت‌و دەیەوێت لەرێگەی رێككەوتنی هاوپەیمانی‌و یەكێتییەوە وەك نوێنەری هەموو كورد كاندید بێت و یەكێتی پشتیوانی بكات.

هەر بەپێی زانیارییەكانی هەڵوێستی پارتی‌و لایەنەكانی تری وەك بزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی بەشێوەیەكە، لایەنەكانی دەرەوەی دەسەڵات  بەهاوپەیمانیان راگەیاندووە ئەوان پشتیوانی ئەو پێشنیارە دەكەن.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، ئەوەی تائێسیتا دیار نییە هەڵوێستی پارتییە، كە ئەو حیزبە نە رەتیكردووەتەوە نە قبووڵی كردووە ، بەوەی بەرهەم ساڵح كاندیدی لایەنەكان بێت بۆ سەرۆك كۆمار.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە ئەو هەڵوێستەی پارتی پەیوەستە بەوەی، كە تائێستا خۆی چاوی لەسەر  ئەو پۆستە، یان دەیانەوێت لەگەڵ یەكێتی لەبەرانبەر پۆستی تر گفتوگۆی لەسەر بكەن.

لەسێ‌ خولی رابردووی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، كاندیدی سەرۆك كۆمار كورد بووەو لەناو كوردیش ئەو پۆستە بەر یەكێتی كەوتووە، كە لەم خولە نوێیەش لایەنە كوردییەكان چاویان لەوەرگرتنەوەی پۆستەكەیە، بەتایبەتی پارتی‌و یەكێتی.

هـ ـ ح