پارتی بە فەرمی ناوی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەداتە یەکێتی

کوردستان

14/09/2018‌ 13934 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی داوای پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەکات ناوی کاندیێکیشی بۆ پۆستەکە پێشکەش کردووە.

 

سەرچاوەیەکی تایبەت بە شارپرێسی ڕاگەیاند "ئەمرۆ هەینی پارتی دیموکراتی کوردستان بەفەرمی پەیوەندییان بە یەکێتییەوە کردووە و داوای پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقیان کردووە و هەروەها ناوی کاندیدێکیشیان بۆ پۆستەکە پێشکەش بە یەکێتی کردووە".

سەرچاوەکە ئاشکرایکرد "ئەو کاندیدەی پارتی پێشکەشی کردوە، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانە و بەفەرمی بەیەکێتییان ڕاگەیاندوە کە ناوبراو کاندیدی پارتییە".

سەرچاوەکە وتیشی "پارتی لەسەر ئاستی باڵا پەیوەندی بە یەکێتییەوە کردووە، بۆیە ئێوارەی ئەمرۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆبونەیەوەکی تایبەتی لەسەر ئەو داوایەی پارتی ئەنجامداوە".

ئەوەش لە کاتێکدایە کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەساڵی ٢٠٠٥ەوە بەپێی ڕێککەوتنێکی لەگەڵ پارتی، پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقی لایە و بەئیستیحقاقی خۆیشی دەزانێت و بەفەرمیش ڕەتیانکردووەتەوە ئەو پۆستە بدەنە هیچ لایەنێکی دیکە.

هەرچەندە تا ئێستا بەپێی میدیاکانی یەکێتی، حیزبەکە ناوی هەریەکە لە (د.مححمەد سابیر و مەلا بەختیار و فوئاد مەعسوم)یان تاوتوی کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستەکە و هەروەها لە دوو ڕۆژی ڕابردوشدا ناوی بەرهەم ساڵح سەرۆکی هاوپەیمانی هەبو بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

سەرچاوە تایبەتەکەی شارپرێس ئەوەشی وت "ئەگەر بێت و یەکێتی و پارتی لەسەر ئەو پۆستە نەگەنە ڕێککەوتن ئەوە هەردوکیان بە جیا کاندید پێشکەش دەکەن و ئەوەش پەیوەندییەکانیان بەرەو خراپی دەبات".
هـ ـ ر