شارپرێس:
ناوەندی ڕاگەیاندنی
هەسەدە ڕایگەیاندوە "لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا چەند بارەگایەکی فەرماندەیی چەکدارەکانیان
خاپوورکردووە و ١٥ چەکداری داعشیش کوژراون".
ئەمڕۆ هەینی ،
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە، ئاماری شەڕی ٢٤
کاتژمێری ڕابردووی قۆناغی کۆتایی گەردەلولی جزیرەی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات
ئاشکراکرد.
ناوەندی ڕاگەیاندن
و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-هەسەدە ڕایگەیاندوە "لە دوروبەری گوندی
باخۆزا-ی سەروو چەکدارەکانی داعش ناوەندێکی تۆپبارانکرد، کە ڕۆژێک پێشتر لەلایەن هێزەکانمانەوە
ڕزگارکرابوو، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان سەرچاوەی تۆپهاوێژەکانی چەکدارەکانیان بۆردوومانکرد،
هەروەها تۆپهاوێژەکانی هاوپەیمانان بارەگاکانی چەکدارەکانیان تۆپباران کرد، لە ئەنجامدا
بارەگایەکی فەرماندەیی چەکدارەکانی داعش و شوێنی جێگیرکردنی تۆپهاوێژەکان و گوللـەنەبڕێکی
چەکدارەکان تێکشکێندرا.
ناوەندی ڕاگەیاندن
و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاماژەی بەوەشداوە "هێزەکانمان شەوی ڕابردوو
هێرشیانکردە سەر گوندی باخۆزێ و پێنج خاڵی سەربازییان ڕزگارکرد، بەمشێوەیەش شەڕ دەچێتە
باخۆزەوە، لە شەڕەکەشدا شەڕڤانێکمان برینداربوو".
ناوەندی ڕاگەیاندن
و چاپەمەنیی هەسەدە ئەوەشی وتوە "لە بەرەی سووسێ چالاکیی سەربازیی و گوللـەباران
بە چەکی سووک ڕوویداوە و دواتر شەڕی دەستەویەخە لەنێوان شەڕڤانانمان و چەکدارەکانی
داعش ڕوویداوە، هێزەکانمان ڕووبەری یەک کیلۆمەتر پێشڕەوییان کرد، چەکدارەکان جارێکی
دیکە هێرشی پێچەوانەیان کرد، لە هێرشەکەیاندا ئۆتۆمبێلێ بۆمبڕێژکراویان بەکارهێنا
و ئەو خاڵە سەربازییانەیان گرت کە لەلایەن شەڕڤانانمانەوە ڕزگارکرابوون، شەڕ تا درەنگانی
شەوی خایاند و لە کۆتاییدا شەڕڤانانمان خاڵەکیان گەڕاندەوە و چەکدارەکان ڕاوەدوونا".
ناوەندەکەی هەسەدە
وتوشیەتی "لە ئەنجامی شەڕی ئەمڕۆدا لە
گوندی شەفا، بارەگایەکی فەرماندەیی چەکدارەکان لە گوندەکە بووەتە ئامانجی فڕۆکەکانی
هاوپەیمانان، لە ئەنجامی ئەو بۆردوومانەشدا ٢ چەکدار کوژراون، هەروەها لە دەوروبەری
گوندی باخۆز ١٣ چەکدار کوژراون و خاڵێکی چاودێرییشیان خاپوورکراوە".
جێگای باسە، ڕۆژی
١١ی ئەیلول، فەرماندەیی گشتیی هەسەدە کۆتا قۆناغی ئۆپەراسیۆنی گەردەلوولی جزیرەی بە
ناوی "شەڕی لەناوبردنی تیرۆر" لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات ڕاگەیاند.
هـ ـ ر