بەشداریكردنی كورد لەكۆبوونەوەكەی پەرلەمانی عێراق رووننەبووەتەوە

عیراق

15/09/2018‌ 570 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەگەڵ ئەوەی بڕیارە پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە بكات‌و دەستەی نوێی سەرۆكایەتی هەڵبژێرێت، بەڵام وەك دەوترێت هێشتا دیارنییە ئایا كورد بەشدار دەبێت لەو دانیشتنەدا یان نا.

سەعد مەتەڵبی، ئەندامی باڵا لەدەوڵەتی یاسا دەڵێت: "بەرگوێیان كەوتووە، بەڵام دڵنیا نین لەو هەواڵەی دەڵێت كورد بە نیاز نییە بەشداری لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا بكات، لە كاتێكدا پێدەچێت سوننەكان خۆیان یەكلاكردبێتەوە لەدیاریكردنی كەسێكدا بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و زۆرینەی ئەندامانی سوننە لەگەڵ ئەوەدان محەمەد حەلبوسی ئەو پۆستە وەربگرێت و هەرچی دەستنیشانكردنی ئوسامە ئەلنوجەیفییە هاوڕاییەكی زۆری لەسەر نییە لەنێو لایەنەكانی عەرەبی سوننەدا تا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت".

مەتەڵبی بۆ دەنگی ئەمریكا هەروەها دەڵێت: "ئێستا ماوەتەوە سەر لایەنە شیعەكان ئەگەر بەشداربن لەو دانیشتنەدا و ژمارەی یاسایی ئەندامان بەشداربن ئەوا لەو دانیشتنەدا پۆستی سەرۆكی پەرلەمان یەكلادەبێتەوە و لەوانەشە پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانیش، كە بۆ شیعەیە یەكلادەبێتەوە، بەڵام ئەگەر كورد بەشدار نەبێت ئەوا لە دانیشتنەكانی دواتردا پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان كە بۆ كوردە یەكلا دەبێتەوە".

سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیش وەك سەعد مەتەڵبی دەڵێت: "تا ئێستا لیستێكی فەرمی بۆ كاندیدەكانی پۆستی سەرەك وەزیر نەخراوەتە ڕوو، ئەوەش كە لەڕاگەیاندنەكانەوە دەبیسترێت هیچ ڕاستییەكی تێدادا نییە و هیچ لایەنێك كاندیدی خۆی نەداوە تا بتوانرێت قسەی لەسەر بكرێت".

ئەو دەشڵێت: "ئەوەی كە هەیە تەنیا دروستكراوی میدیا خۆیەتی و داواش دەكات میدیاكان دەستبەرداری ئەو جۆرە هەواڵانە بن، كە دوورن لە ڕاستییەوە".

هـ ـ ح