لە 130 هەزار ناوی مردوو تەنیا 2 هەزار ناو لەلیستی تۆماری دەنگدەران سڕاوەتەوە

کوردستان

15/09/2018‌ 712 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لە 130 هەزار ناوی مردوو تەنیا 2 هەزار ناو لەلیستی تۆماری دەنگدەران سڕاوەتەوە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، پێشتر لەرێگەی وەزارەتی تەندروستییەوە، ناوی 130 هەزار كەس دراوە بەكۆمسیۆن، كە پشتراستكراوەتەوە، ئەو ژمارە كەسە ناویان لەتۆماری دەنگداندا هەیەو مردوون‌و بەوەش مافی دەنگدانیان دەبێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە كۆمسیۆن لەو ژمارەیە تەنیا 20 هەزار ناوی سڕیوەتەوە، ئەوەش لایەنەكانی رازی نەكردووە، بەتایبەتی ئەو لایەنانەی سكاڵایان لەسەر تۆماری دەنگدان تۆماركردووە.

پێشتریش رێزان حەمەڕەشید سەرۆكی بازنەی هەڵبژاردنەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن‌و راپرسی رایگەیاندبوو، "بۆ سڕینەوەی ناوی مردوو سودمان لەو داتایەی وەزارەتی تەندروستی وەرگرتووە، بۆیە كە دەوترێت ناوی مردوو لەتۆماری دەنگدەراندا هەیە تاڕادەیەك ڕاستە، بەڵام بەو ڕێژەیە نییە ، كە باس دەكرێت".

رێزان حەمەڕەشید لەچاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاندبوو، "لە 125 هەزار ناوی مردوو 1900 ناو سڕاوەتەوە"، كە هۆكاری كەمسڕینەوەی ناوەكانیشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە نەیانتوانیوە بیسەلمێنن، كە ئەو كەسانە مردوون.

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 30 ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەبچێت‌و بەشێكی زۆریش لەلایەنەكان نیگەرانن لەو تۆمارەی هەڵبژاردنی پێ ئەنجامدەدرێت‌و گومان دەكرێت لەو رێگەیەوە "ساختەكاری" بكرێت.

هـ ـ ح