قوباد تاڵەبانی: یەكێتی دەبێتەوە بەهێزی یەكەمی هەرێم

کوردستان

15/09/2018‌ 3431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قوباد تاڵەبانی سەرۆكی لیستی یەكێتی نیشتمان رایگەیاند لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ‌و كورسییەكانی حیزبەكەی زیاد دەكات و دەبێتەوە بەهێزی یەكەمی هەرێمی كوردستان.

قوباد تاڵەبانی لەمیانی لێدوانێكی بۆ رۆژنامەنووسان، كە میدیای فەرمی حیزبەكەی بڵاویكردووەتەوە راشیگەیاند "بەگفتوگۆ لەگەڵ زۆر كەس، لەهەڵبژاردنەكانی رابردوودا خەڵك یەكێتییان سزاداو دەنگی خۆیان بەلایەنی دیكە، بەڵام ئەو لایەنانەی دیكە نەیانتوانی لەیەكێتی باشتربن، شتێكیان نەكرد لەیەكێتی باشتر بێت، یاسایەكیان پێشكەش نەكرد لەیاساكانی یەكێتی باشتر بێت، لەحكومەتیش بڕیارێكیان دەرنەكرد لەبڕیارەكانی یەكێتی باشتربێت، بۆیە نەیانتوانی ئەو جەماوەرەی كۆیانكردبوویەوە بۆ حكومڕانییەكی تەندروست بیگوازنەوە".

هەروەها رایگەیاند "ئەو شەڕەی ئەمڕۆ كوردستان پێویستییەتی بەیەكێتی دەكرێت، بۆیە یەكێتییەكان گەشبینن، یەكێتییەكان گەشبینن لەبەرئەوەی بەشێك لەكێشەكانی ناوخۆمان چارەسەر كردوەو بڕیارێك هەیە كۆنگرە بكەین و یەكێتی نوێ بكەینەوە، بۆیە لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ و كورسی زیاتر لەهەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی كوردستان دەهێنین و پێموایە نەك دەنگەكانی خۆمان بۆ دەگەڕێتەو‌ە، دەتوانین بڵێین دەبینەوە بەهێزی یەكەم".

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە لە 30 ئەم مانگە هەڵبژاردن بەرێوەبچێت، كە بەپێی هەڵبژاردنەكانی پێشوو، یەكێتی هێزی سێیەمی هەرێمی كوردستانەو لەدوای پارتی دیموكرات‌و بزووتنەوەی گۆڕانەوە دێت.

هـ ـ ح