موشەكەكان لەئێرانەوە ئاراستەی كۆیە نەكراون
لێكۆڵینەوەیەكی ئەمریكی زانیارییەكانی سوپای پاسداران لەبارەی بۆردومانی بارەگاكانی حیزبی دیموكرات بەدرۆدەخاتەوە

کوردستان

15/09/2018‌ 20998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی لێكۆڵینەوەی تیمی ئەمریكی، ئەو موشەكانەی ئاراستەی بارەگاكانی حیزبی دیموكراتی كوردستان لەكۆیە كراوە، لەئێرانەوە ئاراستە نەكراون.

هەر بەپێی لێكۆڵینەوەكە، موشەكەكانی ئێران لەدووری 20 بۆ 40 كیلۆمەتر لەدووری بارەگاكانی حیزبی دیموكرات ئاراستە كراون‌و ئەو دوورییەش دەكەوێتە ناوخۆی عێراق، بەبێ‌ ئەوەی شوێنەكەی بەتەواوی دیاری بكات.

لێكۆڵینەوەكە ئاشكراشیكردووە، فڕۆكە بێ‌ فڕۆكەوانەكان، كە ساتی بۆردومانەكانی تۆماركردووە، لەناوخۆی عێراق‌و لەسنوورەكانی كەركوكەوە هاتوون‌و ئەو بۆردومانەیان تۆماركردووە.

هەروەها موشەكەكان لەجۆری زەمین بەزەمینی درێژ مەودا نەبوون‌و مەودا كورت بوون، ئەوەش لەسەر بنەمای ئەوەی ئاسەوارەی موشەكەكە جێیهێشتووە.
 
رۆژی هەشتی ئەم مانگە سوپای پاسدارانی ئێران چەند موشەكێكی ئاراستەی بارەگاكانی حیزبی دیموكرات كرد، كە سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە رایگەیاند، موشەكەكان ژمارەیان 7 موشەك بووەو لەخاكی ئێرانەوە ئاراستە كراون‌و لەجۆری زەمین بەزەمینی مەودا مام ناوەند بووە.

بەهۆی بۆردومانەكانەوە، كە بارەگای حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌و حیزبی دیموكراتی كوردستانی كردە ئامانج، 17 كەس شەهیدبوون 40 كەسی تریش برینداربوون‌و زیانی زۆری لەبارەگاكاندا.

هـ ـ ح

بەپەلە