یەكێتی بۆ محەمەد حەلبوسی: چاوەڕوانین شكۆ بۆ دەستووری هەمیشەیی عێراق بگێڕیتەوە

عیراق

15/09/2018‌ 710 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی لە راگەیەندراوێكدا پیرۆزبایی لە محمەد حەلبوسی، سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێرا دەكات، هەروەها دەڵێت، "چاوەڕوانین، بە سەرۆكایەتی جەنابتان پەرلەمان شكۆی دەستوور بۆ دەستووری ھەمیشەیی عێراق بەتەواوی ماددە و بڕگەكانییەوە بگێڕێتەوە".

لە راگەیەندراوەكەدا یەكێتی ئاماژە بەوەكراوە، ھەروەھا ئومێدەوارین، ئەو كێشانەی لە خولەكانی رابووردووی پەرلەماندا، بە پیلانگێڕیی، كێشە دەستووری و سیاسییەكانیان چارەسەر نەدەكرد، لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا و بەسەرۆكایەتی بەڕێزتان، زەمینەی متمانەی نێوان فراكسیۆنەكان و ژینگەی دۆستایەتی سیاسی، پابەندبونی دەستووری، لەناو ھۆڵی پەرلەمان بگەڕێتەوە.

دەقی راگەیەندراوەكەی یەكێتیی

بۆ بەڕێز/ محەمەد حەلبوسی
سڵاوی دۆستانە..

متمانەپێبەخشینتان بە (١٦٩) دەنگ بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، متمانەیەكی نیشتمانی، دەستووری، رێككەوتنی لایەنە خەمخۆرەكانی عێراق و كوردستانە، بۆ دەربازكردنی عێراق لە تەنگژە سیاسییە دەستوورییەكانی ئەم قۆناخە، لەم ھەلومەرجە دژوارەی ناوچەكە و عێراقدا.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی، لەكاتێكدا پیرۆزبایی لەخۆتان و پێكھاتەی سوننە خەمخۆرەكانی عێراق دەكات، بەم متمانەوەرگرتنەتان، ھاوكات چاوەڕوانین، بەسەرۆكایەتی جەنابتان، پەرلەمان، شكۆی دەستوور بۆ دەستووری ھەمیشەیی عێراق، بەتەواوی مادەو بڕگەكانی بگێرێتەوە، ھەروەھا ئومێدەوارین، ئەو كێشانەی لە خولەكانی رابووردووی پەرلەماندا، بە پیلانگێڕیی، كێشە دەستووری و سیاسییەكانیان چارەسەر نەدەكرد، لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا و بەسەرۆكایەتی بەڕێزتان، زەمینەی متمانەی نێوان فراكسیۆنەكان و ژینگەی دۆستایەتی سیاسی، پابەندبونی دەستووری، لەناو ھۆڵی پەرلەمان بگەڕێتەوە.

گەلی كوردستان، ھەمیشە، لێبووردە بووە و بەردەوام بەشێك بووین لە چارەسەری كێشەكان. لەبەرامبەریشدا چاوەڕوانین، ئەو غەدرانەی لەسەر بڕگە بەبڕگەی مادەی 140 و بودجە و مووچە و پرسی نەوت، گاز و پێشمەرگە، ھاوكات گێڕانەوەی دەسەڵاتی مەدەنی لە ناوچە كێشەلەسەرەكان، پێدانەوەی شایستەیی دوا ھەڵبژاردن بە لایەنی براوە، ئومێدەوارین ئەو پرس و ئەركانە، بەكردەوە بخەنە بەرنامەی كاری بەڕێزتان و جێگرە بەڕێزەكانی سەرۆكایەتیی پەرلەمان.

جارێكی دیكە، پیرۆزتان بێت متمانەی زۆرینەی پەرلەمان، لە پێنجەمین خولدا، شەرەفی سەرۆكی پەرلەمانتان پێدرا.

سەركەوتووبن
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
15-9-2018
كوردستان – سلێمانی
ه.م