گواردیۆلا دڵی بۆ راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لێدەدات

وەرزش

15/09/2018‌ 365 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پێپ گواردیۆلا، راهێنەری یانەی مانچستەر سیتی و بەرەگەز ئیسپانی رایگەیاند، ئەگەر هەلێكی لەوشێوەیە بێتە پێشەوە ئەوا دەتوانێت ببێتە راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەكەی و "چێژیشی لێدەبینم".

پێپ گواردیۆلا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤیزیۆنیدا ئاشكرایكرد، دەیەوێت راهێنەرایەتی بە هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بكات.

گواردیۆلای بەرەگەز ئیسپانیی لە ئیسپانیا ئاماژەی بەوەكرد، لەو كاتەوەی دەستی بەكاری راهێنەرایەتیی كردووە، خوازیاری ئەوە بووە پۆستی راهێنەریی هەڵبژاردەی ئیسپانیا وەربگرێت و وتیشی، "ئەگەر هەلێكی لەوشێوەیە بێتە پێشەوە ئەوا دەتوانم ببمە راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەكەم و چێژیشی لێدەبینم".

سەبارەت بەوەی دەنگۆی ئەوە لە ئارادایە پێشنیار بۆ گواردیۆلا كراوە ئەركی راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی ئەرژەنتین وەربگرێت و لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا ئەو پۆستە وەردەگرێت یان نا، راهێنەرە ئیسپانییەكە رایگەیاند، "نەخێر، بە دڵنیاییەوە ئەرژەنتین نا، بەڵام شوێنێك كە زمانی نوێی لێ فێرببم و خاوەنی كولتوورێكی جیاوازبێت، بەڵێ خوازیارم، ئەنجامدانی گەشتی زۆر و بینینی شوێنی نوێ، خێزانەكەشم پێی خۆش دەبێت".

گواردیۆلای تەمەن 47 ساڵ ئاشكرایكرد دەیەوێت لەو شوێنەی كە دەستی بە یاریی تۆپی پێ كردووە، كۆتایی بە ژیانی راهێنەرایەتیی بهێنێت و رونیكردەوە، "دەمەوێت وەك دوا وێستگە، راهێنەرایەتیی تازە پێگەیشتووانی بارسێلۆنا بكەم".
ه.م