کۆدار گیان لەدەستدانی سێ گەریلای لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند

کوردستان

15/09/2018‌ 419 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار ناسنامەی سێ گەریلای شەهیدی ئاشکراکرد، کە لە شەڕێکدا لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر سوپای پاسدارانی ئێران شەهیدبوون.


ئەمڕۆ، شەممە کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک بڵاوکراوەتەوە، ناسنامەی سێ گەریلای شەهیدی ئاشکراکرد.


بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ڕۆژی ٧ی ئەیلول هاوکات لەگەل هێرشی "تیرۆریستی" سوپای پاسداران بۆ سەر بنکەی حیزبە کوردییەکان-ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شارۆچکەی کۆیە، هێرشی هێزەکانی ڕژیمی سوریا لە قامیشلو و تۆپبارانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە، سوپای پاسداران ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەربڵاوی بەبەشداری بەکرێگیراوانی ناوچەکە لەدژی گەریلاکانی کۆدار لە قووڵایی خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەی سنە دەستیپێکردووە.


هەر لە بەیاننامەکەی کۆدار-دا هاتووە: ئەم ئۆپەراسیۆنە بەربڵاوە دەبێت لە چوارچێوەی هێرش بۆ سەر هەبوونی کورد ناوبنرێت، لە ئەنجامی ئەو هێرشە بەربڵاوەدا سێ گەریلای ئێمە لەدوای شەڕێکی قارەمانانەدا لەدژی هێزەکانی سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران شەهیدبوون و لە چارەنووسی یەکێک لە گەریلاکانمان بێ ئاگاین.
کۆدار ئەوەشی ڕاگەیاندووە، کە لەو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەدا چەکداران و بەکرێگیراوانی کورد وەک پێشڕەو و قەڵغانی هێزەکانی سوپای پاسداران ڕۆڵیان گێڕاوە، کە وردەکارییەکانی لە ڕۆژانی داهاتوودا بڵاودەکەنەوە.


کۆدار ناسنامەی سێ گەریلا شەهیدەکەی بەمشێوەیە ڕاگەیاندووە:


ناو و پاشناو: جەمال ڕەحمانی
نازناو: ئارگەش کارزان/ ئەندامی ڕێبەری کۆدار
شوێنی لەدایکبوون: کامیاران
شوێن و بەرواری شەهید بوون: سنە - ٧ی ئەیلولی ٢٠١٨

ناو و پاشناو: ڕەئوف ئیبراهیمی
نازناو: تۆلهەڵدان سنە/ ئەندامی ڕێبەری کۆدار
شوێنی لەدایکبوون: سنە
شوێن و بەرواری شەهیدبوون: سنە - ٧ی ئەیلولی ٢٠١٨

ناو و پاشناو: شەریف ئەمینی
نازناو: دلۆڤان فەدایی/ ئەندامی کۆمەڵەی جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەجەرە
شوێنی لەدایکبوون: سەردەشت
شوێن و بەرواری شەهیدبوون: سنە – ڕۆژی ٧ی ئەیلولی ٢٠١٨


لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەشدا "کۆمەڵگای دیموکرات و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار، سەرەڕای سەرخۆشیکردن لە بنەماڵەی شەهیدان و گەلی کورد، بەڵێنیشیان داوە: ناهێڵین خوێنی هەڤاڵانمان بە فیڕۆ بڕاوات و درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدان دەبین".

هـ ـ ر

بەپەلە