یەپەگە هەواڵی بەدیلگیرانی ٩ شەڕڤانی لەلایەن میتی تورکیەوە بەدرۆدەخاتەوە

کوردستان

15/09/2018‌ 808 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە هەواڵەکانی میدیای تورک لەبارەی بەدیلگیرانی نۆ شەڕڤانی یەپەگە لە عەفرین لەلایەت میتەوە بە بێ بنەما، دوور لە ڕاستی وەسف دەکات.

دوێنێ هەینی میدیاکانی دەوڵەتی تورک هەواڵی بەدیلگیرانی نۆ شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل- یەپەگەیان لە عەفرین بڵاوکردەوە و ئەمڕۆش شەممە ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە بە ڕاگەیەندراوێک ئەو هەواڵەی بەدرۆخستەوە.

 

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە ڕایگەیاندوە "دەوڵەتی تورک و داگیرکەرانی عەفرین شەڕڤانان گورزی توندیان لیداون، هەر بۆیە بەمەبەستی پێچەوانەکردنەوەی ڕاستییەکان هەواڵی درۆ بڵاودەکەنەوە، دوێنێ چەند دەزگای ڕاگەیاندنی تورک بانگەشەی ئەوەیان کرد، کە نۆ شەڕڤانی یەپەگە و یەپەژە لەلایەن دەزگای هەواڵگریی میتەوە بەدیلگیراون".

ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەگە ئاماژەی بەوشداوە "ئەو هەواڵە بەتەواوی درۆ و بێ بنەمایە، هەواڵی لەو بابەتە بەمەبەستی بەرێوبەردنی شەڕی تایبەت بڵاودەکرێنەوە، بەو کارە هەوڵ دەدەن ورەی بەزیوی چەکدارەکانیان کە بەردەوام لەلایەن شەرڤانانمانەوە گورزیان لێدەدرێت بگەڕێننەوە، هەر لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی چالاکییەکانی شەرڤانامان ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارەکانیان ڕایان کردووە".

ناوەندە ڕاگەیاندنەکەی یەپەگە ئەوەشی وتوە "جێگای سەرنجە، کە دەوڵەتی تورک تا ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیانی ناوچەکەی ڕفاندووە و وەک ئەندامانی ئێمە نیشانی داون".

لەکۆتاییدا یەپەگە ڕایگەیاند وتوشیەتی "بۆ ڕایگشتی جەخت دەکەینەوە کە هەواڵی لەو بابەتە بەتاڵ و بەکەڵکنەهاتوون، ئەوەش هانمان دەدات کە چالاکییەکانمان لە سەرتاسەری عەفرین بەرفراوان بکەین و لە هەمو ناوچە داگیرکراوەکان دوژمن بکەینە ئامانجی چالاکییەکانمان".
هـ ـ ر

بەپەلە