ڕوسیا توركیا دەخاتە تەڵەكەوە
دەسەڵاتی سەربازی مۆسكۆ لەسوریا دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئەردۆغان

جیهان

16/09/2018‌ 8601 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا پابەندەی ئەو بەڵێنانەی نابێت، كە بەڤلادیمێر پۆتنی سەرۆكی روسیا دابوو ، بۆیە هێز و هاوپەیمانەكانی لە‌ سوریا پڕچەك دەكات ، لە بەرانبەریشدا بنكەی (حومەیمیی) روسیا لە سوریا لەبەرانبەر ئەو بەڵێنشكێنییەدای توركیادا هەڕەشە لە توركیا دەكات.

بە گوێرەی ئەو سازانكاریەی كە له ئاستانا لە‌ نێوان توركیا و ڕووسیا و ئێران هاتبۆكایەوە ، بڕیار وابوو توركیا هێزە سەربازییەكانی لە خاڵەكانی پشكنینی ناوچەی كەمكردنەوەی پشێوویەكان جێگیر بكات ، هەر بە گوێرەی لێكتێگەیشتنی ئەو سێ لایەنەش ، نەدەبوو هێزەكانی توركیا لەناو خاكی سووریا و لەو ناوچە دیاریكراوانە لە 1000 سەرباز زیاتربن.

بەڵام دوای خۆسازدانی هێزەكانی سووریا بۆ گرتنەوەی ئیدلب و دەرهێنانی لە بن دەستی بەرەی نوسڕە و لایەنە پاشكۆكانی كە هاوپەیمانی توركیان ، دوای ئەوەش كە دانوستانەكانی لوتكەی تاران شكستی هێنا كە هەرسێك سەرۆكی ڕووسیا و توركیا و ئێرانی كۆكردەوە بە مەبەستی بڕیاردان لەسەر چارەنووسی ئیدلب ، توركیا سوپاگەلە زەبەلاحەكەی خۆی  ناردە سووریا و گەیشتنە ناوچەكانی (مەرك) لە ناوچەی لادێنشینی حەما كە 90 كیلۆمەتر لە سنووری توركیاوە دوورە.

لە دوای شكستی لوتكەی ناوبراو ، توركیا دەیەها لۆری چەك و تەقەمەنی و سەدەها سەربازی كە ژمارەیان لە 1000 زیاترە ناردە ناو خاكی سووریاوە ، ئەمشە پێچەوانەی لێكتێگەیشتنەكانی ئاستانەیە و بەشێوەیەكیش ڕووسیای توڕەكرد كە لە بنكەی حومەیمەوە هەڕەشە لەو هێزانە بكات.

ئەم بارگرژییەی نێوان ڕووسیا و توركیا لەو ڕاگەیاندنانەوە دەركەوت كە نیمچە یەكتربڕینێكی تەواو كەوتۆتە نیوان سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئەو دوو ووڵاتەوە لە سووریا ، بۆیە بنكە سەربازییە ڕووسیەكە جەختی لەوە كردەووە كە پاڵپشتی هەر جووڵەیەكی سەربازی سوپای سووریایە دژ بەو هێزە ڕۆژئاواییانەی كە بە ناشەرعی لەسەر زەوی سووریا لەنگەریان گرتووە بە هێزە سەربازییەكانی توركیاشەوه لە باكوری ئەو ئەو وولاتە.

بنكەی حومەیمیم ‌ بوونی ئەو هێزە توركییە زۆرانەی لە سووریا بە ناشەرعی لە قەڵەمدا و ڕاشیگەیاند كە مافی هێزەكانی سووریایە وا مامەڵەیان لەگەڵ بكات كە هێزی ناشەرعین ، ئەوەشی بیر هەمووان هێنایەوە كە ئەو پرۆتۆكۆڵانەی لەگهڵ ئەنقڕە لەسەریان ڕێككەوتووە و تایبەتن بە خاڵەكانی چاودێریكردن لە باكووری سووریادا بە دەق ئاماژەیان به دیاریكردنی‌ قەبارەی بوونی توركیا لەو خاڵانەدا كردووە ،  بۆیە پێهەڵبڕینی زیاتر لەو قەبارەیەی دیاریكراوە مافی ئەوە بە هێزەكانی حكومەتی سووریا دەدات كە بەشێوەی هێزی بێگانەی نامەشروع مامەڵە لەگەڵ‌ ئەو هێزانەدا بكات.

هەر یەك لە ئاژانسی ڕۆیتەر و ڕوانگەی سووریش ئەوەیان راگەیاندووە كە توركیا لایەنە ئۆپۆزسیۆنە چەكدارەكانی سەربەخۆیی لە سووریای بە دەیەها لۆری پڕ چەك و تەقەمەنی پڕچەك كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هێرشەكانی سوپای سووریا ، چاودێرانی دۆخی سووریاش وای بۆ دەچن كە هۆكاری چاوپۆشیكردنی ڕووسیا لەو دوادواییانەدا لە جوڵە سەربازییە چڕوپڕەكانی توركیا لەناو سووریادا بۆ تێوەگلاندنی زیاتری سوپای توركیا و گەو‌زاندنیەتی لە زەلكاوی سووریادا.