لەیەكێتی تووڕەیە.. پارتی ترسی هەیە كاندیدەكەی دەنگی پێویست نەهێنێت

عیراق

16/09/2018‌ 5821 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان ترسی هەیە، ئەو كەسەی كاندیدی كردووە بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی تەواو نەهێنێت‌و دەرنەچێت.

پارتی دیموكرات رۆژی شەممە مەلا بەشیر حەدادی كاندید كرد بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، كە پشكی كوردە، لەبەرانبەردا چەند كەسێك ركابەرییان كرد.

لەئەنجامی ركابەری كاندیدەكان، كێبڕكێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق چووە قۆناغی دووەم، كە بڕیارە ئەمڕۆ یەك شەممە ئەو كێبڕكێیە یەكلابكرێتەوە، كە لەنێوان مەلا بەشیرو ئەحمەدی حاجی رەشید، كاندید لەفراكسیۆنی كۆمەڵ ئەنجامدەدرێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، پارتی دیموكرات تووڕەیە لەهەڵوێستی یەكێتی نیشتمانی ‌و ترسی هەیە بەهۆی هەڵوێستی ئەو حیزبە كاندیدەكەی دەنگی پێویست نەهێنێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، تووڕەییەكەی پارتی لەیەكێتی بەهۆی ئەوەیە، كە گوایە ئەندامانی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق دەنگیان بەەلا بەشیر حەداد نەداوە، بۆیە لەقۆناغی یەكەمی هەڵبژاردنەكە دەرنەچووە.

رۆژی شەممە هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بەرێوەچوو، كە تێدا محەمەد حەلبوسی لەسەر هاوپەیمانی میحوەری وەتەنی خۆی كاندیدكرد، بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق‌و بەكۆكردنەوەی 169 بووە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.

هەروەها بۆ جێگری یەكەمیش حەسەن كەریم، كاندیدی هاوپەیمانی سائیرون بە 210 دەنگ و بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگەكان بووە جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.

هـ ـ ح