شەڕی ئیدلیب.. توركیا بەردەوامە لەناردنی هێز بۆ سەر سنوورەكانی سوریا

جیهان

16/09/2018‌ 561 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژمارەیەك تانك، تۆپهاوێژ و ئۆتۆمبیلی سەربازیی و یەكەی كۆماندۆ وەك هێزی پشتیوانی بۆ هێزەكانی سوپای توركیا لەسەر سنوور لەگەڵ سوریا، گەیشتنە شاری هاتای.

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە، كە كاروانێك بارهەڵگر تانك و زرێپۆش، ئۆتۆمبیلی سەربازی و پێداویستی لۆجستییان هەڵگرتووەو لەیەكە جیاجیاكانی توركیاوە نێردراون، بەشارۆچكەی هاسسادا تێپەڕی‌و لەژێر چاودێریی ئەمنییدا گەیشتە شارۆچكەی كركخان.

هەر بەپێی ئاژانسەكە، كاروانەكە لەژێر رێوشوێنی ئەمنی توند دا بەڕێكران و وەك پشتیوانی بۆ هێزەكانی سەر سنوور لەگەڵ سووریا رەوانەكراون.

ئەمە لەكاتێكدایە، تا دێت وادەی دەستپێكردنی شەڕی ئیدلیب لەسوریا نزیك دەبێتەوەو توركیاش بۆ ئامادەكاری ئەو شەڕە ماوەیەكە دەستی بەناردنی هێزو كەلوپەلی سەربازی بۆ سەر سنوورەكانی سوریا كردووە.

پارێزگای ئیدلیب دواین پارێزگای سوریایە بەدەست هێزەكانی ئۆپۆزسیۆنەوەو سوپای ئەو وڵاتە بەهاوكاری روسیاو ئێران دەیەوێت هێرش بكاتەوە سەری‌و كۆنتڕۆڵی بكاتەوە.

هـ ـ ح