ئەمریكا رەتیكردەوە برێت مەكگۆڕك لەگەڵ قاسم سلێمانی كۆبوونەوەی كردبێت

عیراق

16/09/2018‌ 422 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمریكا رەتیكردەوە، برێت مەكگۆڕك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش هیچ كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانی كردبێت.

لەو بارەوە چارلز كۆڵ وتەبێژی باڵوێزخانەی ئەمریكا لەبەغدا رایگەیاند، كە چەند راپۆرتێكی رۆژنامەوانی ئەو دەنگۆیان بڵاوكردووەتەوە، گوایە برێت مەكگۆڕك بەنهێنی لەگەڵ قاسم سلێمانی كۆبووەتەوە، ئەوەش بۆ تاوتوێكردنی پرسی پێكهێنانی حكومەتی عێراق.

چارلز كۆڵ راشیگەیاند، ئەو دەنگۆیانە دوورن لەراستییەوەو برێت مەكگۆڕك هیچ كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ قاسم سلێمانی نەكردووە، جەختی لەوەش كردووەتەوە، هیچ بەرنامەیەكیش نەبووە بۆ كۆبوونەوەیەكی لەو شێوەیە.

رۆژی شەممە رۆژنامەی "الجریدە"ی كوێتی بڵاویكردەوە، كە برێت مەكگۆڕك‌و قاسم سلێمانی لەرۆژی سێ‌ شەممەی رابردوو بەشێوەیەكی نهێنی كۆبوونەتەوەو تاوتوێی پێكهێنانی حكومەتی عێراقیان كردووەو لەو بارەشەوە گەیشتوونەتە رێككەوتن.

هـ ـ ح