دوو كاندیدیان بۆ پۆستەكە هەیە
لایەنە كوردییەكان بۆ كاندیدی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن

عیراق

16/09/2018‌ 2371 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێشتا لایەنە كوردییەكان نەگیشتوونەتە ڕێككەوتن بۆ دیاریكردنی كاندیدێكی هاوبەش بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان، كە پشكی كوردە.

رۆژی شەممە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەرێوەچوو، كە لەكۆبوونەوەكە دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێرا، بەوەی محەمەد كەربولی لەپشكی سووننەكان بووە سەرۆكی پەرلەمان‌و حەسەن كەریم لەپشكی شیعەكان بووە جێگری یەكەم‌و جێگری دووەمیش، كە پشكی كورد بوو، نەتوانرا یەكلا بكرێتەوە.

لەقۆناغی یەكەمی هەڵبژاردنەكە، كە كورد 3 كاندیدی هەبوو، ئەوانیش مەلا بەشیر حەداد لەپارتی دیموكرات، ئەحمەد حاجی رەشید لەكۆمەڵی ئیسلامی‌و موسەننا ئەمین، لەیەكگرتووی ئیسلامی، هەروەها ئاڵا تاڵەبانیش، كە كوردەو لەلیستی میحوەری وەتەنی پەرلەمانتارە خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردو دواتر كشایەوە.
 
لەئەنجامی دەنگدان مەلا بەشیر 152 دەنگی بەدەستهێناو ئەحمەدی حاجی رەشیدیش 45 دەنگی بەدەستهێناو بەهۆی ئەوەی هیچ كامیان دەنگی پێویستیان نەهێنا، هەڵبژاردنەكە چووە قۆناغی دووەم‌و بڕیارە ئەمڕۆ یەكلابكرێتەوە.

ڕێبوار كەریم پەرلەمانتاری عێراق، لە فراكسیۆنی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری بە شارپرێسی وت: "لەكۆبوونەوەكەی دوێنێدا بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، چەند پەرلەمانتارێك لەفراكسیۆنەكانی (گۆڕان و یەكگرتوو)  ئامادەنەبوون لەكۆبوونەكە و بەهۆی ئەوەی ڕێككەوتنیش نەبووە، نەتوانراوە كاندیدێكی هاوبەش نوێنەرایەتی كورد بكات بۆ ئەو پۆستە".

ڕێوار كەریم وتیشی: "تائەمڕۆش یەكلایینەكراوەتەوە، كە پەرلەمانتارە كوردەكان دەنگ بەمەلا بەشیر حەداد كاندیدەكەی پارتی، یاخود ئەحمەدی حاجی ڕەشید كاندیدەكەی كۆمەڵ دەدەن، چونكە هێشتا هیچ ڕیككەوتنێك نییە لەنێو لایەن كوردییەكان".

لەو بارەشەوە مەلا بەشیر حەداد ڕایگەیاندووە، پەرلەمانتارەكانی گۆڕان و هاوپەیمانی و یەكگرتوو، كۆمەڵ بەڵێنی پشتگیری بەئەحمەدی حاجی ڕەشیدیان داوەو دەنگیان بەو ئەو نەداوە.

بڕیاریشە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەعات یەك كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت‌و تێیدا جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە هەڵبژێرێت، كە ئەو دوو كەسە ركابەری بردنەوەی دەكەن.

هــ ـ ر

بەپەلە