ئەو هاوپەیمانییەی 4 لایەنەكەی هەرێم لەبەغدا رایانگەیاندووە پەرتەوازەیە

عیراق

16/09/2018‌ 609 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چوار لایەنەكەی هەرێمی كوردستان، كە هاوپەیمانیان لەبەغدا راگەیاندووە، هیچ هەماهەنگییەكیان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نییە پێكەوە.

پێشتر هەریەكە لەفراكسیۆنەكانی (بزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی دادپەروەری)، كە خاوەنی ١١ كورسی پەرلەمانی عێراقن‌و بەچوار لایەنەكە لەماوەی ڕابردوودا ناوەزەند دەكران، هاوپەیمانییان لەپەرلەمانی عێراق راگەیاندووە.

بەڵام ئەوەی ئێستا بەجموجوڵەكانی ئەو لایەنانەوە دەبینرێت ئەوەیە، كە لەپەرلەمانی عێراق‌و لەشاری بەغدا هیچ هەماهەنگییەك لەنێوانیاندا نییە، بەتایبەتی لەماوەی دوو كۆبوونەوەی رابردووی پەرلەمانی عێراق.

ڕۆژی شەممە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، كە پشكی كورد لەو پۆستە جێگری دووەمە، بەڵام لایەنەكان نەیانتوانی بگەنە ڕێككەوتنێك بۆ كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە.

جگە لەوە چوار لایەنەكە، دوو كاندیدی جیاوازییان هەبوو بۆ ئەو پۆستەكە، كە بریتی بوون لە (ئەحمەدی حاجی رەشید لەفراكسیۆنی كۆمەڵ و موسەننا ئەمین لەفراكسیۆنی یەكگرتوو)، ئەوەش جگە لەمەلا بەشیر لە فراكسیۆنی پارتی دیموكرات، كە هیچ كامیان دەنگی پێویستیان بۆ ئەو پۆستە بەدەست نەهێنا بۆ پۆستەكە.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، فراكسیۆنی گۆڕان هیچ كام لە پەرلەماناتارەكانی لەو كۆبوونەیە بەشدار نەبوون، هەروەها دوان لەپەرلەمانتارەكانی فراكسیۆنەكانی كۆمەڵ‌و یەكگرتوو لەكۆبوونەكە بەشدار نەبوون‌و دەنگیان نەداوە.

هاوكات لەماوەی دوو كۆبوونەوەی رابردوو فراكسیۆنی گۆڕان بەشداری كۆبوونەوەكانی نەكردووەو زانیارییەكانیش باس لەوە دەكەن، كە گۆڕان بۆ بەشدارینەكردن لەو كۆبوونەوانە هیچ هەماهەنگییەكیان لەگەڵ سێ‌ لایەنەكی تر نەبووە.

هـ ـ ح