پارتی بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان دڵنیایی لەلایەنە شیعی‌و سوننییەكان وەگرتووە

عیراق

16/09/2018‌ 592 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤیان سەبری، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایگەیاند، هەموو كوتلەكان لە سوننە و شیعە بەڵێنیان بەئێمە داوە هاوكار دەبن بۆ دەنگدان بە بەشیر حەداد، بۆ ئەوەی ببێتە جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق.

ڤیان سەبری بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند "سەعات 1ـی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە بڕیارە تەواوكردنی دانیشتنی دوێنێ شەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام بدرێت‌و هەڵبژاردن بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدەدرێت، كە بەربژێری ئێمەیش وەك پارتی ، هەر وەكوو خۆی (بەشیر حەداد) دەبێت، چونكە دەنگی زۆری هێناوە و تا دوێنێ 152 دەنگی بە دەست هێنابوو‌."

رۆژی شەممە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەچوو، كە لەكۆبوونەوەكە هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی كراو لەپشكی سوننە محەمەد حەلبوسی بووە سەرۆكی پەرلەمان‌و حەسەن كەریم لەپشكی شیعەكان بووە جێگری یەكەم‌و پشكی كوردیش جێگری دووەمە، بەڵام بەهۆی فرە كاندیدی نەتوانرا كەسێك بۆ ئەو پۆستە هەڵبژێرێت.

پێوەست بە یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراقیش، ڤیان سەبری رایگەیاند، "دانیشتنی ئەمڕۆ تەنیا بۆ هەڵبژاردنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران دەبێت، یەكلاكردنەوەی پۆستەكانی دیكەیش، بۆ دانیشتنەكانی داهاتوو دەبێت."

 هـ ـ ح