پارتی بەلێكردنەوەی لۆگۆو پۆستەرەكانی لەسلێمانی نیگەرانە

کوردستان

16/09/2018‌ 679 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان‌و كاندیدەكانی بەلێكردنەوەی پۆستەرو لۆگۆكانیان لەشاری سلێمانی نیگەرانن.

پێگەی فەرمی پارتی بڵاویكردەوە، كە پۆستەری بەربژێرەكانی حیزبەكەی لەشاری سلێمانی و هەڵەبجە لێدەكرێنەوە و دەدڕێنرێن، لەكاتێكدا ئەمە "پێچەوانەی رێسا و بنەماكانی پرۆسەی هەڵبژاردنە،، چونكە هەر حیزب و بەربژێرێك مافی ئەوەی هەیە بانگەشە بۆ خۆی بكات".

لەو بارەوە كەیوان عەلی، كادری لقی چواری پارتی، بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی وتی: "بە ئاشكرا بەشێكی زۆری پۆستەر و لۆگۆی پارتی و بەربژێرەكانی لە سلێمانی لێدەكرێنەوە، لەكاتێكدا دەیان حیزبی دیكەیش پۆستەر و لۆگۆیان هەیە، كەچی هی ئەوان پارێزراون، لە هەندێك شوێنیش نووسراو و قسەی نەشیاو لەسەر پۆستەری بەربژێرەكان نووسراوە، كە ئەم حاڵەتە لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشدا دووبارە بووەوە و زۆرترین پێشێلكاری هەڵبژاردن لەو بارەیەوە كرا".

هەروەها  فازڵ ڕەئوف، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لەشاری سلێمانی، وتی: "بە داخەوە بەشێك لەپۆستەری بەربژێرەكانی پارتی لێكراونەتەوە، ئێمە وەك پارتی داواكارین ، كە هیچ لایەنێك بۆ كۆكردنەوەی دەنگ گێچەڵی سیاسی بەلایەنی بەرانبەر نەفرۆشێت و كار نەكەن بۆ شكاندنی یەكتری، چونكە دواجار پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا پێویستی بە هەموو لایەنەكان دەبێت".

ڕەئوف وتیشی: "وەك پارتی خاوەنی دەنگ و جەماوەری خۆمانین و لە سنووری پارێزگای سلێمانییش پارتی دەنگی زیاد دەكات و چاوەڕوانین زۆرترین بەربژێر رەوانەی پەرلەمان بكەین، چونكە پارتی خاوەنی شۆڕش و ئاوەدانی و سەقامگیریی كوردستانە، بۆیە جێگەی متمانەی خەڵكی كوردستانە".

چەند رۆژێكە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكردووە، كە هەڵبژاردنەكە لە 30 ئەم مانگە بەرێوەدەچێت‌و بانگەشەكەش تا 28ی ئەم مانگە بەردەوامی دەبێت.

هاوكات كاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی رایگەیاند "لێكردنەوەی پۆستەر دیاردەیەكی خراپە و دەبێت هۆشیاریی زیاتر لەو بارەیەوە بدرێتە لایەنەكان، هەر لایەنێك یان بەربژێرێكیش پۆستەری لێكراوەتەوە، دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و بەدواداچوون بكات".

هـ ـ ح