پارتی لەبەرانبەر كشانەوەی ئەحمەدی حاجی ڕەشید كەیسی سەلیم شوكشكەیی دادەخات

عیراق

16/09/2018‌ 10352 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات داوای لەكۆمەڵی ئیسلامی كردووە ئەگەر كاندیدەكەی (ئەحمەد حاجی رەشید) بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بكشێتەوە ئەوا كەیسی مەلا سەلیم شوشكەیی دایدەخات.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، پارتی لە ئاستی باڵا داوای لەكۆمەڵ كردووە، ئەحمەدی حاجی ڕەشید لە كاندیدبوونەكەی بكشێتەوە بۆ ئەوەی ڕاستەخۆ مەلا بەشیر، كە كاندیدی پارتییە دەربچێت بۆ ئەو پۆستە.

هەر بەپێی زانیارییەكان لەبەرانبەر ئەوەدا پارتی بەكۆمەڵی راگەیاندووە، ئەگەر ئەحمەدی حاجی ڕەشید بكشێتەوە ئەوا لەكەیسی مەلا سەلیم شوشكەیی خۆشدەبێ‌و كەیسەكە دادەخات".

پارتی پێشتر مەلا سەلیم شوشكەیی سەركردە لەكۆمەڵی ئیسلامی‌و پەرلەمانتاری ئەو حیزبەی بەكەیسی تیرۆر تۆمەتباركردبوو، كە هەڕەشەی ئەوەشی كردووە رووبەڕووی دادگای دەكاتەوە.

ئەوەش دوای ئەوە دێت، كە دوێنێ لەپەرلەمانی عێراق دەنگدان بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق‌و جێگری یەكەم و دووەمی سەرۆكی پەرلەمان بەڕێوەچوو، كە كاندیدەكانی سەرۆك‌و جێگری سەرۆك بەدەنگدان یەكلابووەوەو جێگری دووەمیش لەقۆناغی یەكەم یەكلانەبووەوە، بەوەی هیچ كام لەكاندیدەكان، نەیانتوانی دەنگی پێویست بهێنن.

پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان پشكی كوردە و هەریەكە لە مەلا بەشیر حەداد لەپارتی و ئەحمەدی حاجی ڕەشید لەكۆمەڵی ئیسلامی و موسەننا ئەمین لە یەكگرتوی ئیسلامی ‌و ئاڵا تاڵەبانی لە میحوەری وەتەنی خۆیان كاندید كردبوو بۆ ئەو پۆستە، بەڵام كەسیان دەنگی پێویستیان نەهێنا بۆ دەرچوون بۆ ئەو پۆستە.

دەنگدان بۆ جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان چووە قۆناغی دوەمەوە و ئێستا تەنها مەلا بەشیر و ئەحمەدی حاجی ڕەشید كاندیدن بۆ ئەو پۆستە و تا ئێستاش هیچیان نەكشاونەتەوە و پارتیش دەیەوێت هەرچۆنێك بێت ئەو پۆستە لەبەرژەوەندی خۆی بەدەست هێنێت.

هـ ـ ر