بڵێسە جەبار فەرمان رەتیدەكاتەوە دەنگی بەكاندیدەكەی پارتی نەدابێت

عیراق

16/09/2018‌ 2994 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بڵێسە جەبار فەرمان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران عێراق روونكردنەوەیەكی لەسەر ئەو دەنگۆیانە بڵاوكردەوە، كە گوایە لەهەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دەنگی بەكاندیدەكەی پارتی دیموكرات نەداوە.

بڵێسە جەبار فەرمان لەروونكردنەوەیەكدا دەڵێت: "بەداخەوە لەفەیسبوكێكی خوازراوەوە بەناو و وێنەی منەوە بڵاوی كردوەتەوە، كە گوایە بەشانازییەوە شانبەشانی برا و خوشكەكانم دەنگمان نەدا بەكاندیدێكی پارتی بۆ جێگری سەرۆكی پەرلەمان".

ئەندامەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەفراكسیۆنی یەكێتی دەشڵێت: "ئەو فەیسبوكە بەهیچ شێوەیەك دوور و نزیك پەیوەندی بە منەوە نییە و لێرەوە رایدەگەیەنم هەر لێدوان و هەڵوێستێكم هەبێت لەكەناڵەكانی راگەیاندنەوە بڵاوی دەكەمەوە".

بڵێسە جەبار فەرمان هەروەها دەڵێت: "ئێمە لە بەغدا نوێنەری میللەتی كوردین و كوردبوونمان لەسەروی حیزبی بونمانە، ئێمە لێرەین بۆ داكۆكیكردن لە مافی گەلەكەمان بۆیە پێویستە یەك هەڵوێست بین پشتگیری یەكین و دەنگمان بۆ براكوردەكانمانە بەدەر لە بیروبۆچوونی ئایدۆلوجی".

ئەمە لەكاتێكدایە دوو رۆژە دەنگدان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەرێوەدەچێت، بەهۆی زۆری كاندیدەكان‌و دابەشبوونی دەنگەكان، تائێستا ئەو پۆستە یەكلانەبووەتەوە، كە پشكی كوردە.

هـ ـ ح

بەپەلە