سه‌عدی پیره‌: بەرهەم ساڵح ئەتوانێت یەکێک بێت له‌کاندیدەکانی سه‌رۆك كۆمار ئەگەر ئیعلانی ئەوە بکات کە ئەندامی یەکێتیه‌

کوردستان

16/09/2018‌ 1479 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وته‌بێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانده‌ڵێت، پۆستی سه‌رۆك كۆمار "ئیستیحقاقی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان"ه‌، داواشی لەبەرهەم ساڵح کرد کە خۆی وەکو یەکێتی ئیعلان بکات تا بیکەنە یەکێک لە کاندیدەکان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.

لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیره لەبارەی پرسی سەرۆک کۆمارەوە‌ وتی "ئەو بابەتە هێشتا ساغ نەبووەتەوە، کێشەیەکی تر هەیە کە ئەو پۆستە لە نێوان پارتی و یەکێتی یەکلا نەبووەتەوە، بەپێی ڕێککەوتننامەیەک کە سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتییە و سەرۆکی هەرێم بۆ پارتییە، سەرۆکی هەرێم دەستی لەکار کێشاوەتەوە بەڵام دەسەڵاتەکانی لای سەرۆکی حکومەتە کە جێگری سەرۆکی پارتییە، ئەگەر سەرۆک کۆمار ئیستیحقاقی ئەوانە ئیتر هەڵبژاردنی بۆچییە؟ ئەوان باس لە فرەیی و دیموکراسی ئەکەن. ئەوان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانیان هەیە و بەسە".

سەعدی ئەحمەد پیرە ڕاشیگه‌یاند، "ئەی ئەم دەسەڵاتانەی سەرۆکی هەرێم چی لێبەسەردێت؟ ئەوەش ئیستیحقاقی ئەوانە؟ ئەی وەزارەتی نەوت چی؟ ئەویش ئیستیحقاقی ئەوانە؟ وەزارەتی داراییش ئیستیحقاقی ئەوانە؟ وەزارەتی ناوخۆش ئیستیحقاقی ئەوانە؟ سەرۆکی پەرلەمانیش ئیستیحقاقی ئەوانە؟ نا! پێم وایە ئەوە کەمێک زیادە لە پێویست. یەکێتی ئەم بابەتەی لە تەعامول پێ قبوڵناکرێت".

هەروەها لەبارەی کاندیدکردنی دکتۆر بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، وتەبێژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وتی "دکتۆر بەرهەم ئەتوانێت یەکێک بێت کە کاندیدەکان ئەگەر ئیعلانی ئەوە بکات کە ئەندامی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانه‌، ئەوەش ڕەنگە لە چەند سەعاتی داهاتوودا یەکلا ببێتەوە".

ڕ . ج