لەڕێگەی ئاو خواردنەوە كێشی لەشت دادەبەزێنە

جیهان

17/09/2018‌ 2234 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زۆربەی لێكۆڵینەوە جیهانییەكان پشتگیری ئەو ڕاستیەدەكەن، كە خواردنەوەی ئاو سودی زۆرە بۆ دابەزاندنی كێشی لەش هەیە، هەرچەندە كۆمەڵگە پزیشكییەكانی جیهان تا ئێستا دڵنیا نین لەوەی تاچەند خواردنەوەی ئاو كاریگەری لەسەر جەستە و ماسولكەكان دروستدەكات.

مرۆڤ بە گشتی ئارەزویەكی سروشتی هەیە بۆ خواردنەوەی ئاو، كاتێك هەست بە پڕبوونی گەدە دەكەیت ڕاستەوخۆ ئاماژە بە مێشكت دەدات، كە لە خواردن بوەستێت ، ئاو دەتوانێت یارمەتی پڕ بوونی بەشی سەرەوەی  بۆشایی گەدە بدات ‌و  توانای كەمكردنەوەی هەستی برسێتی هەیە.

لەڕاستیدا مرۆڤ كاتێك هەست بە برسیەتی تەواو دەكات، كە تینوی بێت ، بە پێی لێكۆڵینەوەیەك لەساڵی 2016 بۆ ۵۰ ئافرەتی قەڵەو ئەنجامدراوە، كە هەریەكێك لەوان ۵۰۰ میلیلیتی ئاویان خواردووەتەوە بە نیو كاتژمێر پێش نانخواردنی هەموو ژەمەكان.

ئەو ئافرەتانە بۆ ماوەی ۸ هەفتە بەردەوام بوون ، لە كۆتاییدا هەستیان بەو كاریگەرییە كرد كە لە ڕێگەی ئاوخواردنەوە توانیان بڕێك لە كێشی زیادەی لەشیان ون بكەن.

هەروەها ئاو خواردنەوە یارمەتی زیاتر سوتاندنی كالۆری لەش دەدات  ، بە پێی لێكۆڵینەوەیەك دەركەوتووە ئەو كەسانەی ئاو زۆرتر دەخۆنەوە بە ڕێژەی %۲-۳ زیاتر كالۆری لە جەستەیاندا دەسوتێنن بە بەراورد لە كەسانی ئاسایی كە ئاو كەمتر دەخۆنەوە.

خواردنەوەی ئاوی سارد زیاتر یارمەتی سوتاندنی كالۆری لەش دەدات‌و پلەی گەرمی لەش ڕادەگرێت، خواردنەوەی ئاو یارمەتی ماسولكەكان دەدات، كە بە شێوەیەكی ڕاست بجوڵێن، هەروەها یارمەتی سییەكان و دڵ و ئەندامەكانی تری لەش دەدات بە گونجاوی و كاریگەری كاربكەن و چالاكییان زیاد دەكات بەتایبەت لەكاتی ئەنجامدانی ڕاهێنانەكان.

گرنگی خواردنەوەی ئاو زۆرە، بەڵام پێویستە بە بڕی گونجاو بخورێتەوە، چونكە زۆر خواردنەوەی یاخود كەم خواردنەوەی زیان بە جەستە دەگەیەنێت، هەروەها خواردنەوەی ئاو یارمەتی دەركردنی پاشەڕۆكانی جەستە دەدات و گرنگی زۆری هەیە لە سوتاندنی چەوری ناو لەش.

وەرگێڕان: هێڤار عومەر