شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
لەژیًر ئەم ناونیشانەی سەرەوە ، یۆری بانێیف لە ڕۆژنامەی "نیزافیسیمایا غازیتا" سەبارەت بە مەرجەكانی ترامپ بۆ هەڵگرتنی سزاكانی سەر ڕووسیا، كە مەحاڵن جێبەجێ بكرێن نووسیوویەتی:
لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆیتەرزدا ، دۆناڵد ترامپ وتی كە سەرباری چاوپێكەوتنی لەگەڵ پۆتن لە هلسنكی ، بەڵام پرسی هەڵگرتنی سزاكان تاوتوێ نەكراوە و لە هەمان كاتیشدا ترامپ ئامادەیە چاو بە هەڵوەشاندنەوەیاندا بخشێنێتەوە. بەڵام ئەوە ڕوونادات تاوەكو مۆسكۆ چەند هەنگاوێك نەهاوێژێت سەبارەت بە چەند پرسێكی سەر مێزی نێودەوڵەتی وەك سووریا و ئۆكرانیا. ترامپ ووتیشی : " ئەگەر ئەوان شتێكی باش بۆ ئێمە بكەن ئەوا منیش بیرێك لەو پرسە دەكەمەوە ، بێ شتێكی لەم بابەتەش تەنانەت ئەو پرسە تاوتوێش ناكەم."
هەر سەبارەت بەو پرسەش "ئەلێكسەندەر شۆمیلینین" ی تویژەر لە پەیمانگای ئەوروپای سەر بە ئەكادیمیایی زانستەكانی ڕووسیا بۆ ڕۆژنامەی "نیزافیسیمایا غازیتا" دواو وتی : "بەگەڕانەوە بۆ ئەو بڕگەیەی كە هەموو میدیاكان تیشكیان خستەسەر بەوەی پۆتن تۆپەكەی هەڵداوەتە گۆڕەپانی تڕەمپەوه ، بەڵام وا دەردەكەوێت كە سەرۆكی ووڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا تۆپەكە هەڵدەداتەوە گۆرەپانی هاوتا ڕووسیەكەی و پێشی دەڵێت : بەدوای بژاردەی گونجاودا بگەڕێن بۆ ڕەفتارەكانتان لە سوریا و ئۆكرانیا ، ئەو بژاردانەی كە لە توانادابێت ڕووسیا وەك دەستپێشخەرییەكی نیازپاكی بە كۆنگرێس و جەماوەری ئەمەریكای بفرۆشێتەوە و شایستەی ئەوەشبن لە بەرامبەردا بەشێوەیەكی بەشەكی ( جزئی) سزاكان هەڵوەشێنینەوه."
سەبارەت بە قسەكانیشی دەربارەی یەكلاییكردنەوەی تەنگژەی سووریا ، شۆمیلین ئاماژەی بە مەحاڵی توانستی ڕووسیا كرد كە بتوانێ كەلێنێك بخاتە ئەو دۆخەی ئێستاوە ، ڕەنگە ئەوەی لە دەستیشی بێت تەنها ئەوە بێت كە كاریگەری لەسەر سەرۆك ئەسەد دابنێت بۆ دواخستنی هێڕشەكەی سەر ئیدلب ، یاخود دەستكردن بە دانوستان بۆ چارەسەری گرفتی ئیدلبی یاخیبوو كە توركیا كۆنتڕۆڵی كردووه. ڕووسیاش پێویستی بەوە نییە دۆخەكە لە ئیدلب بتەقێتەوە ، چونكە گرفتی دیكەی زیاتر بۆ پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئەنقەڕەدا دروست دەكات.
شۆمیلین لەوەش زیاتری بە ڕۆژنامەكە گووت : " لە دوای چاوپێكەوتنەكەی هلسنكییەوە ، واپێدەچێت ترامپ ئارەزووی پشتیوانیكردنێكی باشتركردنی دینامیكی پەیوەندییەكانی بكات لەگەڵ ڕووسیادا. بەڵام لە هەمان كاتدا ، چەند هێڵێكی سووری داناوە كە ناتواندرێت ببەزێندرێن... جا هەر وەكو لە هلسنكی ووترا كە ڕووسیا ئەو كارەی پێ دەكرێت و دەشبێت لەو بارەوە كاریگەری لەسەر ئێران دروست بكات ، ئێستا ڕوون بۆتەوە كە توانستی ئەو كارەی نەبوو. شۆمیلین ووتیشی كە باڵوێزی ڕووسیا لە ئیسڕائیل بە ڕوونی ووتوویەتی كە مۆسكۆ ناتوانێت تاران ناچار به بەجێهێشتنی سووریا بكات."
سەبارەت بە ئۆكڕانیا و بە گوێرەی قسەكای شۆمیلین ، دەكرێت ئەم پرسە لە خانەی ئەجێندای كاری پرسی بڵاوكردنەوەی هێزەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ڕۆژهەڵاتی ئەو ووڵاتە جێێ بكرێتەوە ، یان بەوەی مۆسكۆ كاریگەری لەسەر سەركردەكانی هەردوو كۆماری دۆنیتسك و لۆغانسك دروست بكات بەو مەبەستەی ئەو ناوچە كێشەلەسەرە پشێوی زیاتر بەخۆیەوە نەبینێ.