ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كاندیدبوونی بەرهەم ساڵح یەكلادەكاتەوە

عیراق

17/09/2018‌ 3950 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حاكم قادر، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی رایگەیاند، لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی بڕیار لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار دەدرێت.

مەكتەبی سیاسی یەكێتی رۆژی یەك شەممە كۆبوونەوەو تێیدا تاوتوێی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقیان كرد، بڕیارە ئەمڕۆ دوو شەممەش ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەمان حیزب كۆبوونەوە بكات‌و بڕیارە لەو بارەوە بدات.

حاكم قادر حەمەجان، راشیگەیاند، لەكۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا پرسی سەرۆك كۆماری عێراقی تاوتوێكراو ئاماژەی بەوەشكرد، پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق پشكی یەكێتییە و یەكێتی كاندیدی دەبێت بۆ ئەو پۆستە.

حاكم قادر ئەوەشی خستەڕوو، پرسی دیاریكردنی كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەخرێتە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و لە كۆبوونەوەكەدا كاندیدی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق یەكلایی دەكرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكان مەكتەبی سیاسی یەكێتی هەریەكە لەمەلا بەختیارو لەتیف رەشیدی پێشنیاز كردووە بۆ سەرۆك كۆمار، ئەمە جگە لەكاندیدبوونی بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری، بۆ هەمانن پۆست.

هەر بەپێی زانیارییەكان كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی بۆ بڕیاردانە لەكاندیدبوونی یەكێك لەو كەسانە، كە بڕیارە ئەو پرسە ئەمڕۆ دوو شەممە بەتەواوی یەكلابكرێتەوەو رۆژی سێ‌ شەممەش بەفەرمی كاندیدی یەكێتی پێشكەش بەسەرۆكایەتی پەرلەمان بكرێت.

لەرۆژی شەممەو یەك شەممە دەستەی شەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێراو دەستەكەش رۆژی دوو شەممە ماوەی سێ‌ رۆژی دیاریكرد بۆ كاندیدكردنی سەرۆك كۆمار بۆ لایەنە عێراقییەكان.

هـ ـ ح