ئارێز عەبدوڵڵا: كشانەوەی هاوپەیمانی لەهەڵبژاردن دەستپێشخەری بەرهەم ساڵح بوو بۆ یەكێتی

کوردستان

17/09/2018‌ 1559 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، دەڵێت: سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشوازی لەهەموو ئەو دەستپێشخەرییانە كرد، كە بەرهەم ساڵح لەدوای هەڵبژاردن بەمەبەستی دەستپێكردنی گفتوگۆ بۆ گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی كردنی‌و هەنگاوی بۆنا، لەوانەش هەڵوێستە نەرمەكانی، لێدوانەكانی، بەشداریكردنی لەكۆبوونەوەكان، داخستنی كەناڵی خەندان، هەروەها كشانەوە لەبەشداریكردن لەپڕۆسەی هەڵبژاردن.

ئارێز عەبدوڵڵا هاوكات ڕەتیشیدەكاتەوە بەشدارینەكردنی قەوارەكەی بەرهەم ساڵح پەیوەندی بەساختەكارییەوە هەبێت‌و دەشڵێت: "ئەوە تەنیا دەستپێشخەری و هەنگاو بوو بۆ دەستپێكردنی گفتوگۆ لەگەڵ یەكێتی، ئەگەر وایە بۆچی گفتوگۆی یەكگرت‌و هاتنەناوەوەی حیزبێكی ساختەكار دەكات؟".

ئارێز عەبدوڵڵا ڕەتیشیكردەوە، ڕێكەوتنی سیاسی لەنێوان یەكێتی و هاوپەیمانی هەبێت، دەڵێت: "لای ئێمە وەك یەكێتی، هاوپەیمانی واتا بەرهەم بەرهەم ئەویش گفتوگۆی هاتنە ناوەوەی ناو یەكێتیمان لەگەڵ دەكات نەك باسی ڕێكەوتنی سیاسی، ئەگەر هاتەوە ناو یەكێتی بەفەرمی ڕیگەیاند، كە بووەتەوە بە یەكێتی ئەوكات ڕەنگە بتوانێت ببیتە یەكێك لەپێنج كاندیدەكەی، كە لەناو سەركردایەتی یەكێتی گفتوگۆی لەسەردەكرێت."

قسەكانی ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەمیانی چاوپێكەوتنێكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، كە لەبارەی ڕێكەوتنی پارتی و یەكێتی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراقیش وتی: "تا ئێستا پارتی سورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، لەكۆبوونەوەی شەوی ڕابردوو نەگەیشتینە هیچ ڕێكەوتنێك، بەڵام دەبێت بەزوترین كات یەكلاییبكرێتەوە كاندید لەنێوان پارتی و یەكێتی ئەگەر پارتی‌و یەكێتی نەگەیشتنە ڕێكەوتن لەسەر كاندیدێكی دیاریكراو ئەوا پارتی و یەكێتی بەجیا هەریەكەیان كاندیدییان دەبێت، ئێمە خۆمان وەك یەكێتی كاندیدمان دەبێت خۆ عیراق لەسەر ئێـمە ناوەستێت."

لەبارەی كاندیدەكانی یەكێتیشەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق ئارێز عەبدوڵڵا وتی: "لە ئێستادا چوار كەس لەناو یەكێتیدا ناویان دێت بۆ كاندید بوون (د.فوئاد مەعسوم، محەمەد سابیر، كاك مەلا بەختیار، ئەگەر دكتۆر بەرهەم بەفەرمی ڕایگەیاند گەڕاوەتەوە ناو یەكێتی ئەوكات دەتوانێت ببێتە كاندید، تا نەگەڕێتەوە ناو یەكێتی كاندیدكردنی كارێكی زەحمەتە، مەرجی یەكێتی بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لەكاندیدەكان تا لەسەركردایەتی یەكێتی گفتوگۆی لەسەر بكات ئەوەیە دەبێت دكتۆر بەرهەم بەفەرمی ڕایبگەیەنێت گەڕاوەتەوە ناو یەكێتی ئەوكات ڕەنگە ببێتە یەكێك لەپێنج كاندیدەكە لەناو سەركردایەتی یكێتی گفتوگۆی لەسەر دەكرێت."

سەبارەت بەوەی ئایا ئەوە ڕێكەوتنی سیاسییە یا قسەكردنە لەسەر یەكگرتنەوەی هاوپەیمانی و یەكێتی؟ ئارێز عەبدوڵا وتی: "ئێمە، كە دەڵێین هاوپەیمانی واتای دكتۆر بەرهەم، كە دەڵێین دكتۆر بەرهەم واتای هاوپەیمانی، ئێـمە پێشوازیمان لەو دەستپێشخەریانەی دكتۆر بەرهەم كرد بۆ دانیشتن و ڕێكەوتنی یەكگرتنەوە، بۆیە نەخێر ئەوە ڕێكەوتنی سیاسی نییە لەنێوانمان تەنیا گفتوگۆكردن و ڕێكەوتنی دكتۆر بەرهەمە بۆ ناو یەكێتی."

ئارێز عەبدوڵڵا باسی لەوەشكرد، حیزبەكەی بەرهەم ساڵح دەستپێشخەری باشی كردووە بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی لەو ڕوەوە وتی: "هەر ئەوەی لە بەشداری كردن لەهەڵبژاردن كشایەوە یەكێك لەدەستپێشخەرییەكانی دكتۆر بەرهەم بوو بۆ یەكێتی."

لەبارەی ئەوەی لەپێشووتردا حیزبی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و خودی سەرۆكی هاوپەیمانێتییەكە، بەرهەم ساڵح ڕایانگەیاند "بەهۆی نەبوونی گرەنتی بۆ ئەوەی جارێكی تر ساختەكاری دوبارە ناكرێتەوە لەم هەڵبژاردنە وەك هەڵوێستێك بەشداری هەڵبژاردن ناكەن"، ئارێز عەبدوڵا ڕەتیكردەوە و وتی: "بەشداری نەكردنی قەوارەكەی دكتۆر بەرهەم دەستپێشخەریەك بوو بۆ یەكێتی كردی ، ئەگەر لەسەر ساختەكارییە ئەی چۆن گفتوگۆی ڕێكەوتن دەكەین؟ ئەگەر حیزبێك ئەوەندە پاك و بێگەردە و حیزبەكەی تر ساختەكار بێت چۆن داوای ڕێكەوتنی لێدەكات؟ خاڵێكی تر ئەی چۆن باسی یەكگرتنەوەمان لەگەڵ دەكات د. بەرهەم؟ چۆن باسی كاندیدكردنی لەلایەن یەكیتییەوە دەكات بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری؟".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژەی بەبۆچوونی ناو حیزبەكەی كرد و وتی: "لە ئێستادا دوو بۆچوون لەناو سەركردایەتی یەكێتی هەیە، بۆچوونێكیان پێی باشە یەكێتی كاندیدی بكات و دواتر لەكۆنگرە بگەڕێتەوە ناو یەكیتی لەوێ ڕایبگەیەنێت، بۆچوونێكی تریشیان ئەوەیە، كە لەسەرەتادا بگەڕێتەوە ناو یەكێتی ئینجا یەكێتی كاندیدی بكات، چونكە من بڕوام وایە قورسە تا دكتۆر بەرهەم لەدەرەوەی یەكێتی بێت كاندیدی بكات، چونكە هەر جەماوەری یەكێتیش زۆرینەیان حەز دەكەن كەسێك كاندید بێت ئەندامی بێت نەك كەسێك لەدەرەوەی یەكێتی یا لەتەنیشت یەكێتی بێت."

ئارێز عەبدوڵڵا هەڵوێست و پاساوی دوو بۆچونەكەی ناو سەركردایەتی یەكێتی خستەڕوو، وتی: "بۆچوونێك هەیە گللەیی زۆر دەكات و دەڵێت، چۆن لەو كاتە ناسكەی دوای كۆچی دوایی جەنابی مام جەلال، د. بەرهەم یەكێتی بەجیهێشت‌و لیستی جیاكردەوە و قسەی پێ وتین، بۆچونێكیش هەیە خۆشحاڵە دەڵێت: مادام ئێستاش گەڕایەوە هەر قەینا و باشە، بەڵام لەهەموو حاڵەتەكاندا سەركردایەتی یەكێتی بەگشتی خۆشحاڵە بەو دەستپێشخەری و هەنگاوانەی دكتۆر بەرهەم بەمەبەستی گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی ناوێتی".

ئارێز عەبدوڵڵا تیشكی خستە سەر دەستپێشخەری و هەنگاوەكانی بەرهەم ساڵح بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو یەكێتی بەمەبەستی كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و وتی: "هەموو هەنگاوەكانی دكتۆر بەرهەم لەدوای هەڵبژاردن كە گرتنیە بەر بە ئاڕاستەی ڕێكەوتن و گفتوگۆ و یەكگرتنەوە بوو لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەو هەنگاوانەش بریتی بوو لە "هەڵوێستە نەرمەكانی، لێدوانەكانی، ئێ‌مادەبونی لەكۆبونەوەكان، داخستنی كەناڵی خەندان، پاشەكشە كردن لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكان، هەموو ئیو هەنگاو و دەستپێشخەریانە بەمەبەستی دەستپێكردنی گفتوگۆ بوو لەگەڵ یەكێتی، خۆی ئەو دەستپێشخەریەش هی كاك دكتۆر بەرهەم خۆی بوو كە لە ڕێیی هەندێك لەبرادەرەكانی خۆمانەوە هەوڵی دابێت بەڵام ڕەنگە هەوڵی لەدەرەوەی ئێـمەش هەوڵی دابێت بەس زیاتر هەوڵەكە لەڕێگای هەندێك هەڤاڵی خۆمانەوە بووە".

هـ ـ ح