بارزانی داوای پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەكات
پارتی‌و یەكێتی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ سەرۆك كۆمار نەگەیشتنە رێككەوتن

عیراق

17/09/2018‌ 5529 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەسەر كاندیدێكی هاوبەش بۆ سەرۆك كۆماری عێراق نەگەیشتوونەتە رێككەوتن‌و رەنگە هەر لایەك بەجیا كاندیدیان هەبێت بۆ ئەو پۆستە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست شارپرێس كەوتووە، شەوی رابردوو شاندی باڵای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەشاری هەولێر لەماڵی كۆسرەت رەسوڵ كۆبوونەتەوە، كە كۆبوونەوەكە بۆ قسەكردن بووە لەسەر كاندیدی سەرۆك كۆمار، كە ئەو پۆستە پشكی كوردە.

شاندەكەی پارتی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتەكە، سەرۆكایەتی كردووەو شاندەكەی یەكێتیش كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری حیزبەكە سەرۆكایەتی كردووەو چەند سەعاتێك گفتوگۆیان لەبارەی پرسی سەرۆكایەتی كۆمارو كاندیدی كورد بۆ ئەو پۆستە كردووە.

هەر بەپێی زانیارییەكان سەرەڕای گفتوگۆیەكی چڕ لەسەر ئەو پرسە، هەردوولا نەگەیشتوون بەهیچ رێككەوتنێك، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەردوولا سووربوون لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، كە جەختیان كردووەتەوە ئەو پۆستە پشكی ئەوانە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، پارتی لەسەر داوای مەسعود بارزانی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار، ئەوەش بەبیانووی ئەوەی دەیانەوێت بە بەهێزی بگەڕێنەوە بەغداو لەخولی داهاتووی سەرۆكایەتییەكان رۆڵیان هەبێت.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، لەبەرانبەر ئەوەدا شاندی یەكێتی رایانگەیاندووە، كە ئەوان پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانیان بۆ یەكلابووەتەوە، بۆیە دەبێت پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ یەكێتی بێت، نەك پارتی.

لەسێ‌ خولی رابردووی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كورد بووەو لەناو كوردیش بۆ كاندیدی یەكێتی بووە، كە بەهۆی رێكنەكەوتنی پارتی‌و یەكێتی لەسەر ئەو پۆستە، رەنگە كورد دوو كاندیدی هەبێت.

هـ ـ ح