ئەمریكا شۆك بووە.. ئێران بەڵێنی گەورە دەدات بەلایەنە كوردی‌و سوننییەكان

عیراق

17/09/2018‌ 11173 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی "العربی الجدید"ی قەتەری بڵاویكردەوە، كە لایەنی ئێرانی لەعێراق بەڵێنی گەورەی بەلایەنە كوردی‌و سوننییەكان داوە، ئەوەش لەئەگەری پشتگیركردنی كاندیدی نزیك لەتاران بۆ بردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، بەڵێنی لایەنی ئێران بۆ لایەنە سوننییەكان ئەوە بووە، كە چەكدارانی حەشدی شەعبی لەناوچە سونییەكان دەكشێنێتەوەو دەسەڵاتی ئەو ناوچانە دەدات بەدەست هێزەكانی سەر بەخۆیان.

هەروەها بڵاویشیكردووەتەوە، بۆ لایەنە كوردییەكانیش بەڵێنی ئەوەی داوە، كە سەرجەم داواكارییەكانیان جێبەجێدەكات‌و هێزی پێشمەرگە دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوچە كوردییەكان.

ئێران لەبەرانبەر جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانە، داوای پشتگیری لایەنە كوردی‌و سوننییەكان كردووە، كە پشتگیری ئەو كاندیدە بكەن لەتاران نزیكە، بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆك كۆماری داهاتووی عێراق.

هاوكات رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە، كە لایەنی ئەمریكی لەعێراق بەهۆی هەوڵەكانی ئێران‌و رازیكردنی لایەنە سوننی‌و كوردییەكان لەشۆكدایەو رەنگە لەو بارەوە كاردانەوەی هەبێت.

هـ ـ ح