پارتی بەفەرمی كاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئاشكرادەكات

عیراق

17/09/2018‌ 9518 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان لەچەند رۆژی داهاتوو كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئاشكرادەكات، كە ئەو پۆستە بەمافی خۆی دەزانێت.

عەلی حوسێن بەرپرسی پێوەندییە نیشتمانییەكانی پارتی دیموكرات رایگەیاند "ئەو پۆستە (سەرۆك كۆمار) یەكلابووەتەوە، كە بۆ كوردە، پێشتریش وەكو پارتی لەزۆر پۆستی دیكەی بەغدا، كە مافی ئەوان بووە و لەبەر هەندێك هۆكار داویانە بە لایەنی دیكەی كوردستانی".


عەلی حوسێن بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند "لە ئێستا دۆخی عێراق و كوردستان و ناوچەكە، هاوكات بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن، وا دەخوازێت ئەو پۆستە بۆ ئێمە بێت."

ئەو رەتیشیدەكاتەوە لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی هیچ رێككەوتنێكیان لەسەر ئەو پۆستە كردبێت، هاوكات ئاشكرایشیكرد، بۆ هیچ پۆستێكی دیكەش لەكابینەی داهاتووی عێراق هیچ رێككەوتنێكیان نەكرووە.

بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی روونیدەكاتەوە، لە چەند رۆژی دابێ، پارتی بە فەرمی كاندیدی خۆی بۆ ئەو پۆستە ئاشكرا دەكات، ئەو پۆستەش بە مافی پارتی دەزانێت، كە لەسەر ئاستی عێراق یەكەمی هێناوە وەك حیزب، "نامانەوێت مافی كەس بخۆین، سازشیش لە مافی خۆمان ناكەین".

پێشتر بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوان پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق (كورد، شیعە و سوننە) پۆستە سیاسییەكان یەكلاكراونەتەوە، بە جۆرێك كە پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كورد، سەرۆكی پەرلەمان بۆ سوونە و سەرۆكوەزیرانیش بۆ پێكهاتەی شیعە بووە.

هـ ـ ح