بارزانی: گه‌لی عێراق له‌هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌ماندا ئەو شۆڤێنیانەیان سزادا كە دژی ڕیفراندۆم وەستابوون

کوردستان

17/09/2018‌ 1938 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، "هاوڵاتیانی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئەو دەموچاوە شۆڤێنیانەیان سزادا، كە دژی مافی گەلی كوردستان و ڕیفراندۆم وەستابوون".

له‌كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌گه‌ڵ بەرپرس و نوێنەر و سكرتێر و نوێنەر و ئەندامانی مەكتەب و ڕێكخراوەكانی سەر بە مەكتەبی ناوەندیی ڕێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی ڕایگه‌یاند، "هاوڵاتیانی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا ئەو دەموچاوە شۆڤێنیانەیان سزا دا، كە دژی مافی گەلی كوردستان و ڕیفراندۆم وەستا بوون و ئەوەیش بەڵگەیەكی بەهێزە كە خەڵكی عێراق نەهجی شۆڤێنیەت ڕەت دەكەنەوه‌".

بارزانی له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ وا بڕیاره‌ ڕۆژی 30ی ئه‌یلول ئه‌نجامبدرێت ڕایگه‌یاند، "هەندێك لایەن دەیانەویست پێچەوانەی بڕیاری دامەزراوەكانی هەرێم و ئیرادەی خەڵك هەڵبژاردن دوا بخەن، بەڵام پێداگریی پارتی بووە هۆی ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا بەڕێوە بچت، ناشكرێت بە بیانووی جۆراوجۆر یاری بە بابەتی هەڵبژاردن و مافی خەڵك بكرێت".

له‌باره‌ی پرۆسه‌ی سیاسی له‌عێراق بارزانی ڕایگه‌یاند، "ئێستا دانوساندنی چڕ لە ئارا دایە بۆ دامەزراندنی ئەنجوومەنێكی باڵای سیاساتی ستراتیژی كە لایەنی كوردستانیش تێیدا بەشدار بێت ئەویش بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوەی تاكڕۆیی لە حوكمڕانی و پێویستە بڕیارە ستراتیژییەكان لەو ئەنجوومەنەوە دەربچن".

ڕ . ج

بەپەلە