ڕوسیا و تورکیا لەسەر ئیدلیب ڕێکدەکەون

جیهان

17/09/2018‌ 1787 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕووسیا و تورکیا پـێکەوە ڕێکەوتن ناوچەیەکی دابڕێنەر لە نێوان هێزەکانی حکومەتی سوریا و هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆن لە پارێزگای ئیدلیب پـێکبهێنن، ئەمەش تاوەکو شەڕ و پـێکدادان ئەو پارێزگایە نەگرێتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڤلادیمیر پـوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند "هاوبەش لەگەڵ هاوتا تورکەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی بڕیاریان داوە هەتا 15 ی مانگی دە ناوچەیەکی دابڕێنەر پـێکبهێنرێت لەسەر هێڵی نێوان چەکدارانی ئۆپـۆزسیۆن و هێزەکانی سوریا، وە لەگەڵ ئەوەشدا چەکدارە توندڕەوەکان لەو ناوچەیە بکشێنەوە، بە چەکدارەکانی بەرەی نووسرەشەوە. پاشان گوتی هەتا 9 ی مانگی دوازدە هەرچی چەکی قورسی گروپە چەکدارەکانە لێـیان وەردەگیرێتەوە، وەکو تۆپ و تانک و موشەک و خومپارە. گوتیشی هێزی پـۆلیسی لەشکری تورکی و ڕووسی پـێکەوە کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە دەکەن و بە دوایدا هەتا ناوەڕاستی مانگی دوازدە ڕێگا و جادەکانی نێوان حەما و لازقیە و حەلەب دەبێت بکرێنەوە".


ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاندوە "لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نیشتیمانیان بەو ڕێکەوتنە گەیشتوون و لەسەر ڕۆشنایی ڕێکەوتنەکانی ئەستانە مەسەلەی ئیدلیب چارەسەر دەکەن. گوتیشی تورکیا بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ڕێکەوتنەکە هێزی زیاتر بۆ خاڵەکانی چاودێری خۆی ڕەوانە دەکات".


ئەردۆغان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد "لەگەڵ پـوتن ڕێکەوتوون کە تێرۆرستان تەنیا لە پارزگای ئیدلیب نین، بەڵکو لە ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریاشدا هەن کە بە گوتەی خۆی هێزەکانی یەپەگەیە. جەختی لەوەش کرد کە دەبێت ئەو هێزە لەناوببرێت".


پاش تەواوبوونی کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکە هەریەک لە سێرگێی شۆیگو وەزیری بەرگری ڕووسیا و هاوتا تورکەکەی خڵوسی ئاکار دەقی مۆرکراوی ڕێکەوتنەکەی نێوانیان ئاڵوگۆکرد.


وەزیری بەرگری ڕووسیا بە ڕۆژنامەوانانی وت "حکومەتی سوریا لە وردەکاری ڕێکەوتنەکە ئاگاداردەکەنەوە و ئۆپەراسیۆنی لەشکری بۆ سەر ئیدلیب ئەنجام نادرێت".
سەرچاوە: دەنگی ئەمریکا
هـ ـ ر