تاران عەبادی خست.. عادل عەبدولمەهدی پاڵێوراوی نەجەفەو ئەمریكاو ئێرانیش پێی رازین

عیراق

18/09/2018‌ 4998 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
سیاسییەكی عێراقی، كە پێ باش نەبوو ناوی بهێنرێت، بەلای ئەوەدا دەشكێتەوە، كە ئەمەریكا بەعادل عەبدولهەمدی ڕازی دەبێت وەك پاڵێوراوێك‌ بۆ سەرۆكایەتی حكومەتی عێراق ، بەڵكو پێ دەچێت‌ پێشی ڕازی بووبن ، بەم كارەشیان حەیدەر عەبادی سەرۆكی حكومەتی ئێستایان وێڵكرد، كە تاران جەنگێكی سیاسی زەبەلاحی لەبەغدا بەرپاكرد تاكو نەهێڵێت خولێكی دیكەی بۆ نوێ بكرێتەوە.

سەرچاوەی دیكەی نزیك لە حكومەتی عێراقیش باسیان لەوردەكاری ڕووداوەكانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی بەغدا كردووەو بەوەی سەید محەمەد ڕەزا سیستانی كوڕی ئایەتوڵا عەلی سیستانی، لەسەر داواكاری ئێران ، عادل عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پاڵاوتووە، سەرباری ئەوەش، كە عەبدولمەهدی زۆر پێگەو پۆستی گرنگی لەعێراق بەدەستەوە بووەو لەو ‌دەموچاوە زۆر دێڕینانەشە، كە خاوەن پێگەیەكی جەماوەری نییە، كەچی ئەو سیفەتانەی تێدانین، كە لەلایەن بۆگەڕاوەی (مرجعیە) ئاینی لەنەجەف دانراون وەك مەرج بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران.

عادل عەبدولمەهدی‌ یەكێك بووە لە نزیكەكانی كۆچكردوو محەمەد باقر حەكیمی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق و پۆستی جێگری سەرۆكی كۆماری بەدەستەوە بووەو پێشتریش وەزیری نەوت بووە.

سەرچاوەكە ڕاشیگەیاند "بۆ هێنانەدی  ئارەزووەكەی ئێران ، سەید محەمەد ڕەزا سیستانی موقتەدا سەدری بەكارهێناوە بۆ لاوازكردنی عەبادی ، ئەمەش لە ڕێگەی شانۆگەرییەكی پیلانگێڕی دانیشتنەكەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بووە، كە تایبەت بوو بە‌ گفتوگۆكردن لەسەر گرفتەكانی بەسڕە، كە عەبادیش لە نیازپاكی خۆی ئامادەی بوو تاكو باسی دەستكەوتەكانی حكومەتەكەی خۆی بكات، كەچی لە ڕێگەی چەند هەڵمەتێكی ڕاگەیاندنی ڕێكخراوەوە ،  ڕووبەڕووی كارێكی پیلان بۆداڕێژراو بووەوە، كە زیانی پێگەیاند ، بەمەش داواكرا كەسێك شوێنی بگرێتەوە ، ئەمە سەرباری  ئەو سەقامگیریەش كە عەبادی لە بەسڕە هێنابوویە ئاراوه ، لە ڕاستیشدا زۆرینەی گرفتەكانی ئەو شارە هۆكارەكەیان خاوخلیچكی حكومەت لۆكاڵییەكەی بوو  ، ئەمە جگە له فەرامۆشكردن و كەڵەكەبوونی ساڵانێكی دوور و درێژی گرفتەكانی لە لایەن حكومەتەكانی پێشووەوە‌".

ئەم وتارە توندە دژ بە نەجەف و و ئەوانەش، كە تا دوێنی لە هاوپەیمانییەكەی عەبادیدا كۆببوونەوە ، واتە موقتەدا سەدر، كە ئامرازی جێبەجێكردنی ئەركە ئێرانییەكەیە‌ لەعێراق ، ئەم وتارە ئاستی ڕادەی رقڵیبوونەوەی‌ نێوان لایەنە شێعەكان‌ دەردەخات. 

ئەوەی جێگەی سەرنجیشە ئەوەیە كە سەدر لە قۆناغەكانی پێشوودا و بە چاوپۆشین لە بەرز و نزمییەكانی جێگەی بەرزەفڕی (تموح) عەرەبە عێراقی و لایەنە عەرەبییەكانی نەیارانی ئێران بووە ، چونكە دژ بە هەژموونی ئێرانی لەعێراق دەنگی‌ بەرزكردەووە ، كەچی هێندەی پێنەچوو، كە بووە وەڵامدەرەوەی ئارەزووەكانی ئێران و هاوپەیمانەكەی خۆی سەرەونگونكرد. 

ئەم دانیشتنەی پەرلەمانی عێراقیش، كە تایبەت كرابوو بە باسكردنی باردودۆخی شاری بەسرە، نیمچە ڕاگەیاندنیكی فەرمی‌ سەدرە لە‌ دەستبەرداربوونی لە عەبادی. 

سەرچاوە حكومییەكانیش پێیان ڕاگەیاندین كە زانیاری بەڵگەداریان هەیە كە سوتاندنی بارەگای پارتەكان و كونسوڵخانەی ئێران لە بەسڕە ، بە گویرەی پلانێكی ئێرانی بووه بە ئامانجی فشارخستنەسەر تیمەكەی عەبادی و سەرەونگونكردنی و پیلانگێرەكانیش كۆمەڵەكەسێكی بوون كە پێشتر لەگەڵ سەدربوون و دواتر لێی جیابوونەوه.

قسەكانی ئەو سەرچاوە نزیكە لە حكومەتەوە ، " ئەو ئاهوكەسەرەش دەردەخەن كە لایەنگرانی عەبادی دژ بە بۆگەڕاوەی نەجەف هەیانە لە بەرامبەر وەرچەرخانی هەڵوێستیان دژ بە عەبادی ، بۆگەڕاوەی نەجەفەیش  ئەوەی ڕەتكردەوە كە پشتی پاڵێوراوێكی دیاریكراو بگرن و مامەڵەش لەگەڵ داكەوتدا (امر الواقع) بكەن ، بە تایبەتیش لەدوای ئەو بارودۆخەی كە لە بەسڕە سەری هەڵدا و بووە هۆی گۆڕینی هەڵوێستی نزیكترین هاوپەیمانەكانی عەبادی كە موقتەدا سەدرە".

كەواتە عەبدول مەهدی پاڵێوراوی نەجەفە بۆ سەرۆكایەتی حكومەت ، بەگوێرەی قسەی ئەوانەش كە لە بۆگەڕاوەی (مرجعیە) نەجەفەوە نزیكن ، ڕەزامەندی ئێران لەسەر عادل عەبدول مەهدی بەشێكە لە پرۆسەیەكی قۆرتوقولاپاوی بۆ داپۆشینی پاڵێوراوە ڕاستەقینەكەیان كە " فەلاح فەیازی " ڕاویژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراقە كە نزیكە لە تاران و نوری مالكییەوه. تارانیش بۆ دڵنەواییكردنی نەجەف وا نیشان دەدات كە عەبدوڵ مەهدی قبوڵە ، دەنا لە ڕاستیدا ئەو هەوڵەی ئێران بۆ ئەوەیە كە كارتە ڕاستەقینەكەی خۆی نەسوتێت ‌كە فالح فەیازە ، لە بەرامبەریشدا بۆگەڕاوەی نەجەف پێی وایە كە قبوڵكردنی عەبدول مەهەدی پێشبڕییە بۆ شیمانەی (احتمال) سەپاندنی فەیاز لە لایەن ئێرانەوە.

 لەوناوەندە ئاڵۆزه یەكتركێشییەدا( تجاژبات) كە بە زۆری لە نێوان شێعەكاندایە ، كوردەكان تەماشای دۆخەكە دەكەن ، چاویشیان لەسەر ئەوانە ووردكردۆتەوە كە وازیان لە هاوپەیمانییە‌ مێژوویەكەی نێوان كورد و شێعە هێنا و لە كەركوك جوانمەرگیان كرد ، سونە عەرەبەكانیش ناسنامەی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیان زۆر بەلاوە گرنگ نییە كە ئاخو چەندە لە‌ تارانەوە دوور یان نزیكه ، ئەوان‌ تەنها چاویان لەوەیە مامەڵەیەكی سوودبەخش لەگەل سەرۆكی حكومەتی ئایندەدا‌ گرێبدەن بۆ كەمكردنەوەی ئەو زیانانەی كە ساڵانی پێشوو لێیان كەوتووه.

بەڵام ئەوەی لە هەموو شتێك زیاتر سەرنج ڕادەكێشێت لە گۆرەپانی سیاسی ئێستای عێراقدا ، لاوازی هەژموونی واشنتۆنە ، نەك هەر ئەوە ، بەڵكو لاوازی وویستی واشنتۆنە بۆ ئامادەگی لەو ناوەندە یەكتركێشكەرەدا ، لە كاتێكدا ئەم دۆخە ناونیشانی سەرەكی دابەشبوونی شێعەیە و جەنگی تارانیش دژ بە عەبادی لەو‌ ساتەوە دەستی پێكردووە كە ناوبراو هەڵوێستی خۆی دژ بە سزا ئەمەریكایەكانی سەر تاران ڕاگەیاند.  ‌ 

بەپەلە