هەڕەشە دەكات.. توركیا ترسی گەورەی لەبەشداری یەپەگە لەشەڕی ئیدلیب هەیە

کوردستان

18/09/2018‌ 3617 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
ئامادەكردنی: حلمی رەسوڵ رەزا
"لەپاش جەنگی دووەمی جیهانییەوە بە خراپترین كارەسات ئەژمار دەكرێت، كە مرۆڤ هۆكارەكەیەتی، لە ئەنجامیشدا ملیۆنان خەڵكی سادە یان بێ نەوا دەبن یان كۆچ دەكەن"، بەمشێوەیە ئەنجومەنی مافەكانی مرۆڤ لە نەتەوەیەكگرتوەكان وەسفی كێشەی سوریای كرد، كە تاكو ئێستا بووەتە هۆكاری كوژرانی نیو ملیۆن كەسی مەدەنی‌و دەربەدەربوونی 11 ملیۆن كەس. 

لەگەڵ فەزاحەتی جەنگەكان بۆ ماوەی حەوت ساڵ لەسەر زەوی سوریا، كەچی جوڵانە سیاسییەكانی ئێستا ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە هێرش بۆ سەر پارێزگای ئیدلب خوێناوی ترینیان دەبێت لەسەرەتای دروست بوونی كێشەكەی سوریاوە.

ئەم پێشبینیانە پشت بە چەند راستییەك دەبەستێت، لەوانە، بوونی كۆگای زۆری چەك لەو پارێزگایە، سەرەرای بوونی بیست كۆمەڵەی چەكداری ململانێكەر نەك بە تەنیا لەگەڵ ئەسەد، بەڵكو لە نێوان خۆشیاندا لە پلاندان، ئەمەش ئەگەری پێكدادان زیاد دەكات. هەروەها نزیكەی 3 ملیۆن كەسی تێدا دەژی، لەوانە هەزارانیان رزگاربوونانن و لە پارێزگاكانی تری سوریاوە هاتون، بەڵام ئایا رژێمی ئەسەد بەتەنیا شەڕی ئەم هەموو كۆمەڵە چەكداریانە دەكات؟ 

رۆڵی توركیا لەم جەنگە چاوەڕوانكراوە چی دەبێت؟
ئایا یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە بەشداری سەڕی ئیدلب دەكات؟
رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" راپۆرتێكی بڵاوكراوەتەوە، تێیدا هاتوە، وەزیری دەرەوەی توركیا رەخنە لەو راپۆرتانە دەگرێت، كە ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن یەكینەكانی پاراستنی گەل، لقی چەكداری پەكەكەیە هاوكاری و كڕینی چەك بەباجی هاوڵاتیانی ئەمەریكا كۆ دەكەنەوە و دووپاتی ئەوەشی كردووەتەوە كە هاوپەیمانی هەیە لە نێوان كوردەكان و رژێمی ئەسەد بۆ ئەوەی لە گرتنەوەی ئیدلب بەشداری بكەن، ئەمەش بە پێی رێككەوتنێك، كە لە مانگی پێشوو لە نێوانیان ئیمزا كراوە.

مەولود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی توركیا راشیگەیاند "هاوپەیمانی نێوان ئەسەد و یەكینەكانی پاراستنی گەل بۆ بەدەستهێنانی شوێنێكە، كە بڕیارە دووبارە بنیات بنرێتەوە، ئەمەش دەبێت مایەی زیاتر ئالۆزبونی كێشە لە نێوان ئەنقەرەو واشنتن، بەتایبەتی، كە واشنتن پاڵپشتی ئەم رێكخستنانە دەكات و ئەمانیش پلانیان هەیە بۆ هێرشێكی خوێناوی تۆقێنەر.

هەروەها رۆژنامەی "وەتەن"ی سوری نزیك لە رژێمی ئەسەد ماوەیەك پێش ئێستا ئاماژەی بەوە دابوو، كە شاندێكی یەپەگە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ نمایندەی رژێمی ئەسەد ئەنجامداوە لە دیمەشق، لە پێناو بەشداریكردنی یەپەكە لەسوپای سوریادا، ئەمەش دەبێتە هۆی دەستێوەردانی سوربازی لەلایەن توركیاوە بۆ پاراستنی سنوورەكەی و ئابوورییەكەی.

ئایا توركیا لە جەنگی ئیدلب دەستێوەردانی سەربازی دەكات بۆ رووبەرووبوونەوەی كورد؟
لەگەڵ ئەوەی توركیا هەڵوێستی وایە، كە جەنگەكە كارەساتیكی مرۆییە، بەڵام پێش ئەوە هەرەشەی كردووە بەوەی بەشداری شەڕی مەنبەج دەكات، هەروەك "حامی ئاكسۆی" وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوە ئاماژەی پێكرد "ئێمە سورین لەسەر كێشەی مەنبەج، بەوەی دەبێ یەپەگەی سەر بەپەكەكە لەوێ بكشێتەوە، یان دەبێ بكشێتەوە یان دەیكشێنینەوە، بژاردەیەكی تر لەبەردەمماندا نییە"، كە پێدەچێ هەمان هەڵوێستیش دەربارەی ئیدلب هەبێت بەگوێرەی بۆچوونی چاودێران.

هەرچی لایەنی ئابوورییە، دەبینرێ خیزانە سورییەكان دەستیان بەدەرچوون كردووە بەرەو سنوورو بۆ پاراستنی گیانیان لە هەر جەنگ‌و هێرشێكی ئاسمانی، بەتایبەتی پاش ئەوەی چەند گرتییەكی ڤیدۆیی بڵاوكرایەوە، كە رژیمی ئەسەد خەریكی ئامادەكارین‌و چە‌و چۆڵ دەگوازنەوە لەهەردوو پارێزگای "حمس" و "درعا"ەوە بەرەو ئیدلب، بەگوێرەی زانیاری شارەزایانی سەربازیش، ئەو چەكانە توانای وێرانكردنی شارێكی هەیە بە تەواوەتی.

بەڵام ئەنقەرە سنورەكانی بەرووی خەڵكدا داخستووە، بە گوێرەی زانیاریەكانی ئەنجومەنی ئاسایشیش پێدەچێ نزیكەی ملیۆنێك سوری بگەنە سنورەكانی توركیا ئەمەش بەهیچ شێوەیەك لەلایەن توركیاوە پێشوازی ناكرێت. 

بەهۆی كێشەكانی ئابووری، كە لەم دواییەدا بەرۆكی توركیای گرت و لیرەی توركی نزیكەی 40%ی نرخەكەی لەدەستداوە لەبەرانبەر دۆلار، هەرچی بڕیاری داخستنی سنوورەكانە لەلایەن توركیاوە "كارەساتی گەورەتر دەخولقێنێ لەو كارەساتانەی كە پێشتر بینراون لە كێشەی سوریادا"، ئەمەش بە پێی قسەی "مونا یەعقوبیان" شارەزای كاروباری سوری لە پەیمانگەی ئاشتی لە ئەمەریكا.

دیارەی هەریەك لە ئەمەریكاو توركیا رەخنەی جیاواز لە یەكتری دەگرن دەربارەی "یەپەگە" كە توركیا وەها تەماشای دەكات لقێكی پەكەكەی تیرۆریستە "لێدوانی توركیا"، هەرچی واشنتنە هاوكاری پێشكەشی رێكخستنی ناوبراو دەكات بۆ روبەروبونەوەی داعش، بەڵام هەندێ جار ئەو چەكانە دژی توركیا بەكار دەهێنرێت.

جێگای وەبیرهێنانەوەیە، واشنتن دەستی بە ناردنی هاوكاری كرد بۆ یەپەگە لە سەردەمی سەرۆكی پێشوی ئەمەریكا "باراك ئۆباما" و لەسەردەمی ترەمپ-یش هاوكاریەكان بەردەوامن، لەگەل ئەوەشدا ئەم هاوكاریە یەكێكە لە هۆكارە سەرەكیەكانی ئالۆزبوون و نەمانی متمانەی توركیا بە ئەمەریكا.