شارپرێس هۆكاری رازینەبوونی پارتی بۆ كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح ئاشكرادەكات

عیراق

18/09/2018‌ 12538 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان ناڕازییە لەكاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ، وەك كاندیدی یەكێتی نیشتمانی.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، ناڕەزایی پارتی بۆ كاندیدبوونی بەرهەم ساڵح بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، ئەوانیش بریتین لەوەی، كە ئەگەر بەرهەم ساڵح لەم كاتە بگەڕێتەوە بۆ ناو یەكێتی، كاریگەری لەسەر دەنگەكانی ئەو حیزبە بۆ پەرلەمانی كوردستان دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، هۆكارێكی تری نیگەرانی ‌و ناڕەزایی پارتی لەكاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتییەوە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، كە پێیوایە  بەبوونی بەرهەم بەغدا یەكێتی لەبەغدا بەهێز دەبێت، كە ئەوەش كاریگەری لەسەر ئەدای پارتی دەبێت لەبەغدا.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، بۆ پرسی كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار لەلایەن یەكێتییەوە، شاندی ئێرانی‌و ئەمریكیش لەگەڵ بەرپرسانی پارتی گفتوگۆیان كردووە، بەڵام بەرپرسانی ئەو حیزبە بێهیوایان كردوون، بەوەی ئەو پۆستە مافی خۆیانەو كاندیدیان دەبێت.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە پارتی جەختیكردووەتەوە، خۆی كاندیدی دەبێت بۆ سەرۆك كۆمارو بەنیازیشە بۆ ئەوە شاندێك بنێرێتە بەغدا، بۆ ئەوەی رێككەوتنی سیاسی بكات لەگەڵ لایەنەكان، چونكە پێیوایە بەبێ‌ رێككەوتنی سیاسی كاندیدەكەی دەنگی پێویست ناهێنێت.

هەروەها ئەوەش زانراوە، پارتی دەیەوێت پرسی یەكلابوونەوەی كاندیدی سەرۆك كۆمار دوابخات بۆ دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە لە 30 ئەم مانگە بەرێوەدەچێت، یان هەر هیچ نەبێت یەكێتی فوئاد مەعسوم كاندیدبكاتەوە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق.

ئەمە لەكاتێكدایە، لەئێستادا لەناوخۆی یەكێتی هەوڵێكی جدی هەیە بۆ ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ خۆی بێت‌و بۆ ئەو پۆستەش بەنیازە بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیمكراسی‌و دادپەروەری كاندید بكات.

هـ ـ ح