برێت مەكگۆرك: لە چەند رۆژی داهاتوودا چەندین بڕیاری گرنگ لە عێراقدا دەدرێن

کوردستان

18/09/2018‌ 1009 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
برێت مەكگۆرك، نوێنەری سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژی داعش رایگەیاند، بە دڵنیاییەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا چەندین بڕیاری گرنگ لە عێراقدا دەدرێت.

ئەو وتانەی برێت مەكگۆرك لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات لەدوای كۆبوونەوەی لەگەڵ مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و وتی، "بە دڵناییەوە لە چەند رۆژی داهاتوودا چەندین بڕیاری گرنگ دەدرێن، متمانەمان زۆر كە هاوبەشە عێراقییەكانمان پێكەوە ئەو بڕیارانە دەدەن و پابەند دەبن بەو كاتەی دەستووری عێراق دیاریكردووە بۆ پێكهێنانی حكومەتی عێراق".

برێت مەكگۆرك راشیگەیاند، "ئەو بڕیارانە كاری سەركردایەتی عێراق و سەركردایەتی هەرێمی كوردستانە".

رونیشیكردەوە، "متمانەمان زۆرە بەرەو پێش بۆ پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزی خاوەن سەروەری لە بەغدا هەنگاو بنرێت".

هاوكات لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا مەلا بەختیار  مەرجی حزبەكەی بۆ كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح لەلایەن یەكێتییەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ئاشكراكرد‌و ڕایگەیاند، "هەركاتێك بڕیاردرا بۆ یەكگرتنەوەی هاوپەیمانی ‌و یەكێتی، ئەوا بەرهەم ساڵح بۆی هەیە ببێتە یەكیك لەكاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق".

مەلا بەختیار ڕاشیگەیاند، لەدوو ڕۆژی داهاتوودا سەركردایەتی یەكێتی بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار كۆدەبێتەوە.
ه.م