ئەمریكا باجی دیكە بەسەر بەرهەمی هاوردەكراوی چیندا دەسەپێنێت

جیهان

18/09/2018‌ 388 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە 24ی ئەیلوولەوە لەسەدا 10 باجی گومرك دەخاتە سەر بەرهەمی هاوردەكراوی دیكەی چین بەبڕی 200 ملیار دۆلار.

بەپێی راگەیەندراوی كۆشكی سپی، ترەمپ فەرمانی بە نوێنەرایەتی بازرگانی ئەمریكا (USTR) كردووە پاكێجی دووەم لە باجی گومرك لەسەر چین جێبەجێ بكات.

دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە كردووە، دوای هەفتەیەكی دیكە دەست بە جێبەجێكردنی پێناسەكانی باج دەكەن كە چەند بەرهەمێك بەبڕی نزیكەی 200 ملیار دۆلار دەگرێتەوە و وتی، "ئەمڕۆ لە دوای حەوت هەفتە لە راگەیاندنی بە رای گشتیی، دانیشتن و لێكدانەوەیەكی فراوان فەرمانم بە نوێنەرایەتی بازرگانی ئەمریكا كرد دەست بە جێبەجێكردنی باجە زیادەكان بكات بەسەر بەرهەمی هاوردەكراوی چیندا بەبڕی نزیكەی 200 ملیار دۆلار.

 باجەكان كە لە 24ی ئەیلوولدا دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە و تا كۆتایی ساڵ بەڕێژەی لەسەدا 10 دەمێنێتەوە لە یەكی كانوونی دووەمی 2019ەوە بەرزدەبێتەوە بۆ لەسەدا 25.

لە روونكردنەوەكەی ترەمپدا كە پێشبینی دەكرێت ببێتە گەورەبوونی جەنگی بازرگانی لە نێوان دوو گەورەترین خاوەن ئابووریی جیهان جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە ئەگەر چین كاردانەوەی هاوشێوەی هەبێت ئەوا دەستبەجێ سێیەمین پاكێجی پێناسەی باج كە نزیكەی 267 ملیار دۆلار بەرهەمی هاوردەكراوی چین دەگرێتەوە دەخاتە بواری جێبەجێكردنەوە.

دۆناڵد ترەمپ داوای لە حكوومەتی چین كرد، "كۆتایی بهێنێت بە پەیڕەویەكانی بازرگانی نادادپەروەری" و رایگەیاند "ئومێدەوارم ئەو بابەتە بازرگانییە لە كۆتاییدا لە لایەن من و سەرۆكی چین كە هەست بەڕێزی گەورە و نزیكی دەكەم چارەسەر بكرێت".
ه.م

بەپەلە