هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد: ڤیتۆم لەسەر کەس نییە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و پشتگیری هیچ كاندیدێكیش ناكەم

کوردستان

18/09/2018‌ 3201 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاند، ڤیتۆی لەسەر کەس نییە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و پشتگیری هیچ كاندیدێكیش ناكات، هاوکات برێت ماكگۆرك-یش دەڵێت، "لەگەڵ ئەوەداین یەكێتی یەك كاندیدی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە پێویستە ئەو كاندیدە ئەزموونی لەگەڵ بەغدا و  لایەنە عیراقییەكان هەبێت و زمان بزانێت و پەیوەندی بەفراوانی لەگەڵ وڵاتان هەبێت".

بەپێی راگەیەندراوێكی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ئەمڕۆ برێت مەكگۆرك، نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا بۆ شەڕی دژی داعش لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی كۆبووەتەوەو گفتوگۆیان لە بارەی پێشهاتە سیاسیەكانی هەرێم و عێراق و ناوچەكە و گفتوگۆی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم و عێراق بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق كردووە.

راگەیەندراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، "لەبارەی تێڕوانین و بڕیاری سیاسی و مێژوویی و نەتەوەیی یەكێتی بۆ هەرێم و عێراق هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و بافڵ تاڵەبانی راشكاوانە دوان و رایانگەیاندووە، یەكێتی باوەڕیی بە یەكڕیزی نیشتیمانی هەیەو لەو سۆنگەیەوە دەیەوێت كورد وەك یەك تیم لە ناوەند كاربكات و یەك بۆچوون هەبێت بۆ پرسەكان".

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رایگەیاندووە، "ڤیتۆم لەسەر هیچ كاندیدێكی یەكێتی نیە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق و پشتگیری هیچ كاندیدێكیش ناكەم، ئەنجومەنی سەركردایەتی كاندیدی یەكێتی بۆ  ئەو پۆستە دەستنیشان دەكات".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "بۆ هەرێمیش ئەگەر چی لە كێبڕكێداین و لە بانگەشەی هەڵبژاردنین بەڵام هەر دەمانەوێت ئاشتەوایی سیاسی تێك نەچێت و یەكڕیزی بپارێزین دوور لە تەخوینكردن و زمانی زبر بانگەشەی خۆمان بكەین و نەبینە هۆی تێكدانی ژینگەی كۆمەڵایەتی و لێكترازانی زیاتر". 

هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد رونیكردووەتەوە، "ئەوەی بۆ یەكێتیش گرنگە، ئەم بارودۆخە سیاسییە ناجێگیرە لە بەرژەوەندی كورد تێپەڕێنین و مافە دەستورییە زەوتكراوەكانمان بەدەست بهێنینەوە".

هاوكات برێت ماكگۆرك رایگەیاندووە، "ئەمریكا عێراق جێناهێڵێت و پشتگیری لە كوردیش دەكەین بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی و گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقیش بە باشی بەڕێوەدەچێت و پشتگیری سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراقیش دەكەین".

ئاماژەی بەوەشكردووە، "لەگەڵ ئەوەداین یەكێتی یەك كاندیدی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە پێویستە ئەو كاندیدە ئەزموونی لەگەڵ بەغدا و  لایەنە عیراقییەكان هەبێت و زمان بزانێت و پەیوەندی بەفراوانی لەگەڵ وڵاتان هەبێت".

برێت ماكگۆرك ئەوەشی ئاشكراكردووە، پشتگیری لەو پرۆژانە دەكەن كە یەكێتی ناو یەكێتی دەپارێزێت و ئەوان یەكێتییەكی یەگرتوو بەهێزیان دەوێت لەگەڵ سلێمانیەكی ئارامدا .
ه.م