بەرپرسێكی ئۆپۆزسیۆنی سوریا: رێككەوتنەكەی ئیدلب هیواكانی بەشار ئەسەدی لە ناوبرد

جیهان

18/09/2018‌ 1160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی باڵای ئۆپۆزسیۆنی سوریا رایگەیاند، رێككەوتنەكەی نێوان توركیا و روسیا بۆ دروستكردنی ناوچەیەكی دابڕێنەر لە ئیدلب هیواكانی بەشار ئەسەد، سەرۆكی سوریا بۆ گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەكانی بەسەر هەموو سوریادا لەناوبرد.

ئازاد مستەفا سیراج، یەكێك لە بەرپرسانی باڵای سوپای سوریای بە ئاژانسی رۆیتەرز-ی راگەیاندووە، "رێككەوتنەكەی ئیدلب پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی تێدایە و خەونەكانی ئەسەد بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی دەسەڵاتەكانی بە هەموو سوریادا لەناوبرد".

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو رێككەوتنەی ڕوسیا و توركیا لە سۆچی پێی گەیشتن "ئەمرێكی واقیع دەسەپێنێت ئەوەش ئەوەیە كە ئۆپۆزسیۆن كۆنتڕۆڵی جوگرافیایەكی كردووە و چەك دەبێت بەدەستی سوپای سوریای ئازادەوە بمێنێتەوە، ئەوەش دەبێتە خاڵی دەستپێكردن بەرەو گۆڕانێكی سیاسیی كە كۆتایی بە حوكمی ئەسەد دەهێنێت."

بەرپرسەكەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا وتیشی، "ئەم ناوچەیە لەژێر دەسەڵاتی سوپای سوریای ئازاددا دەمێنێتەوە و ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی ڕژێمی سوریا و پشتیوانەكانی ناچار دەكات دەست بكەنەوە بە ئەركێكی سیاسی جددی كە ببێتە هۆی گۆڕانێكی سیاسیی ڕاستەقینە و كۆتایی هێنان بە حوكمی ئەسەد".
ه.م

بەپەلە