ساڵح موسلیم: تورکیا و ڕوسیا دەیانەێت چەکدارانی توندڕەوی ئیدلب ببەنە عەفرین

کوردستان

18/09/2018‌ 906 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵح موسلیم ڕایدەگەێنێت" تورکیا و ڕوسیا پلانی ئەوەیان هەیە چەکدارانی توندڕەوی ئیدلب ببەنە عەفرین و ئەگەر ئەوە بکەن وەڵامی سیاسیی و سەربازییان دەبێت بۆیان".

ئەمڕۆ سێ‌شەممە ساڵح موسلیم، ئەندامی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی تەڤ-دەم ڕایگەیاندوە "ئێران و ڕوسیا هەوڵیان ئەوەیە کە چەکدارەکانی ئیدلب لە ناو ببەن، بەڵام تورکیا دژی ئەوەیە و هەوڵی ئەوەیە ئێران لەبارەی ئیدلبەوە بخاتە پەراوێزەوە، ئێمە لە مەبەستەکانی تورکیا و ڕوسیا باش تێدەگەین، هیوادارین کورد ئەم جارە نەکەوێتە ناو بازرگانیی ئەو دوو لایەنەوە، ئەگەر هەر کامە لە لایەنەکان هێرش بکەنە سەر دەستکەوتە سیاسییەکانمان، وەڵامی سیاسی و سەربازییان دەدەینەوە".


ساڵح موسلیم ئاماژەی بەوەشداوە "ئێران لە هەموو شەڕەکانی سوریادا ئامادەبوو، بەڵام لە ئیدلب تورکیا و ڕوسیا شەڕ دەکەن، هەوڵیان ئەوەیە ئێران لە بارەی ئیدلبەوە دوور بخەنەوە، بەڵام ئەوەش بەواتای پاشەکشەی ئێران لە سوریا نییە، هێزە سەربازییەکانی ئێران لە سوریا هەن و دانوستانەکانی ئێران لەگەڵ حکومەتی ئەسەد بەردەوامی دەبێت".

موسلیم وتویەتی "ئەگەر گروپە چەکدارەکانکان لە ئیدلب دەربکرێن، بۆکوێ دەنێردرێن؟ بێگومان پیلانی تورکیا ئەوەیە کە ئەو گروپە چەکدارە و تیرۆریستانە بنێرێتە عەفرین، ئێمە ئەوە قبوڵ ناکەین و شەڕ دەکەین لە دژیان، عەفرین چارەنووسمانە و بێ عەفرین ژیان نابێت، ناردنی ئەو چەتانە بۆ عەفرین دۆخی عەفرین ئاڵۆزتر دەکات".


لەکۆتاییشدا موسلیم وتوشیەتی "تورکیا بەبێ پەسندکردنی ڕوسیا ناتوانێت هێرش بکاتە ئەو ناوچانەی لەلایەن هەسەدەوە ڕزگارکراون، تورکیا بە ئاشکرا لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ ڕوسیا داوای کردووە، کە ڕێگای پێ بدرێت هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی باکوری سوریا، تورکیا بە ڕوسیای وتووە ئەگەر هاوکاریی بکرێت بۆ هێرشکردنە سەر منبیج، لەبارەی ئیدلبەوە هاوکاریی ڕوسیا دەکات، بەڵام ڕوسیا ناتوانێت ئەو داواکارییەی تورکیا قبوڵ بکات، چونکە چارەنووسی منبیج تەنیا لە دەستی ئەواندا نییە و تورکیا ناتوانێت وا بە ئاسانی هێرش بکاتە سەر ناوچە ڕزگارکراوەکان، هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و هەسەدە لەوێن".
هـ ـ ر